لێکۆڵەرێکی عێراقی: لە ھەڵبژاردندا بارزانی سەرکەوت
فایز خەفاجی، لێکۆڵەری مێژوویی و نووسەری خەڵکی بەسرە لە باشووری عێراق لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، سەرۆک مەسعود بارزانی، کە ”لە چیاکانەوە ھاتووە، سەرەڕای نسکۆکان، بەردەوام بە بەھێزی دەمێنێتەوە“.
فایز خەفاجی ھەروەھا رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی ”دیاردەیە و ژمارەیەکی سیاسییە“ و ناتوانرێ گوێی لێ نەگیرێ، نموونەش بەوە دەھێنێتەوە، کە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە تەنیا و بەبێ ھیچ ھاوپەیمانییەک بەشداریی کرد.
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەھۆی ئەوەی سەرۆک بارزانی ھەڵگری بیری سەربەخۆیی کوردستانە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا و بەردەوامیش ئاستی جەماوەریی ئەو بەرز دەبێتەوە.
فایز خەفاجی لەو وتارەیدا ناوی سەرۆک بارزانی بە ”پیاوی چیا“ نووسیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە سەرەڕای دژایەتیی حکوومەتی عێراق و لایەنە رکابەرەکانی، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ”پیاوی چیا سەرکەوت“.
رۆژی شەممە ١٢/٥/٢٠١٨ پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
بەپێی ئامارە بەراییە فەرمییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان، کە سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار دەنگی بەدەست ھێنا و یەکەم حزبە (بەبێ ھیچ ھاوپەیمانێتییەک) لە رووی ژمارەی دەنگەوە لە ھەموو عێراق.
باسنیوز
