کاکە حەمە: رێکاری یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی دەنگە دزراوەکانمان دەگرینە بەر

 کاکە حەمە: رێکاری یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی دەنگە دزراوەکانمان دەگرینە بەر
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حزبەکەی رێکاری یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی ”دەنگە دزراوەکان“ی دەگرێتە بەر.



محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست لە راگەیەندراوێکدا، کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، سوپاسی دۆست و ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەی دەکات، کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا متمانەیان بە لیستی ئەو حزبە بەخشی.



محەمەدی حاجی مەحمود، کە بە کاکە حەمە ناسراوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە حزبەکەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەت دەکاتەوە بەهۆی ”کاری تەزویرکردن و گۆڕینی دەنگەکان و یاری پێ کردنی“.



کاکە حەمە ئەو ئەنجامانە بە ”نادروست“ لە قەڵەم دەدات و رایدەگەیەنێت، کە حزبەکەی لەئاست ”دزینی دەنگەکان“ی بێ دەنگ نابێت ھەموو ھەوڵێکی دەخاتە گەڕ بۆ وەرگرتنەوەی دەنگی بەناحەق براوی دەنگدەرەکانی لەڕێگای ”خەباتی دیموکراسیانە و گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی“.



لە هەرێمی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی پێیان وایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان، دەستی بە ساختەکاری کردووە و دەنگەکانی ئەو حزبانەی سووتاندووە و دەنگی بۆ خۆی زیاد کردووە.



میدیاکانی گۆڕانیش باس لەوە دەکەن، کە حزبەکەیان بە ئەنجامەکان رازی نییە، بۆیە سەرکردە سەربازییەکانی یەکێتی بە هێزێکی گەورەی سەربازییەوە هێرشی کردووەتە سەر مەکۆی سەرەکیی ئەو حزبە لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی و تەقەیان بەڕووی بارەگای گۆڕان کردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون.



رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.



دەقی راگەیەندراوەکەی کاکە حەمە:



جەماوەری تێکۆشەری کوردستان..

هێزی پێشمەرگە کوردستان..

کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان



بە ناوی خۆم و لیستی ژمارە 170 ی حزبی سوسیالیست دیموکراتی کورستانەوە سوپاس و ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی یەکە به یەکەی هەڤاڵان و ئەندامان و پێشمەرگە دێرینەکان و دۆست و لایەنگرانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان جەماوەری کوردستان دەکەین، کە لە ڕۆژی 12/5 ڕۆژی دەنگدان دەنگیان بە ژمارە 170 بەخشی، تا نوێنەرەکانیان لەپەرلەمانی داهاتووی عێڕاقدا داوای مافە دەستوریەکانیان بۆ بکات بەڵام بەداخەوە بەهۆی کاری تەزویرکردن و گۆڕینی دەنگەکان و یاری پێ کردنی، کە دەبوایە نیشانەی پاک و بێگەردی دەنگی دەنگدەرانیان بوایە، بۆیە ئەوەی لە ئاکامەکانی ڕاگەیاندنی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیەنراوە، کۆی پرۆسەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و یاری کردنێکی سەیرو سەمەرە لە ئەنجامەکانی دەنگدەران لە کوردستان و عێراق و دەرەوەی کوردستان کراوە و بە قازانج و بەرژەوەندی ئەوانەی دەستیان تیاهەبووە، ئامێری دەنگدانەکەیان بەکاریان هێناوە، بۆیە ئێمە وێڕای ئەوەی متمانەی تەواوو نەگۆڕمان بە دەنگدەرانمان هەیە ئاواش بڕوای تەواومان بە کاندیدەکانمان هەیە و جێگەی بڕواو متمانەی ئەو جەماوەرە بووە، بۆیە بە



هەموو جورێک دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە ڕەت دەکەینەوەو بە هەڵبژاردنێکی نادروستی لەقەڵەم دەدەین و بەهەموو شێوەیەکیش بێ دەنگ نابین لە ئاستی دزینی دەنگی دەنگدەرانمان و هەموو هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ وەرگرتنەوەی دەنگی بەناحەق براوی دەنگدەرەکانمان و بەهیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەین، بۆیە دەنگدەرانی لیستی ژمارە 170 حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە تا سەندنەوەی مافی دەنگەکانیان کۆڵ نادەین لەخەباتی دیموکراسیانەو گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی.



سەرکەوتوبێ دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ماف و داخوازیەکانیان.



محمدی حاجی محمود

16/5/2018


باسنيوز
Top