ئاسۆ کەریم: سەرکەوتنی پارتی واتای متمانەی ھاووڵاتیان بەو حزبە دەگەیەنێ
ئاسۆ کەریم، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە ھەندێ لایەنی ھەرێمی کوردستان ناڕازین لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایار و پێیان وایە ساختەکاری کراوە، بەڵام تەنیا دوو لایەن لە عێراقدا ھەن بۆ ساخکردنەوەی ئەو بابەتە، ئەویش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و دادگای تەمیزن، چونکە لە نێو دادگای تەمیزی عێراقدا فەرمانگەیەک ھەیە بۆ ھەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی بە ھۆی ھەڵبژاردنەوە دەکرێن، ھەروەھا دادگای باڵای فیدڕاڵی پێویستە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پەسەند بکات، ئەگەر ساختەکاری، یان ھەر کێشەیەک ڕووی داوە، دادگا دەبێ لێکۆڵینەوە بکات و یەکلای بکاتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە: "بڕیاری ھەژمارکردنی دەنگەکان بە دەست کارێکی ئاساییە، بەڵام بۆ دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن ئەمەیان بڕیارێکی قورسە و پێویستی بە ڕێککەوتنی لایەنەکان و بڕیاری دادگا ھەیە."
لەبارەی سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، ئاسۆ کەریم، گوتی: "پێم وایە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم لە ھەرێمی کوردستان پێشبینیکراو بوو، چونکە گومان لەوەدا نییە پارتی ھێزی سەرەکی و یەکەمی کوردستانە، ئەوەشمان بۆ دەردەخات لەم قۆناغەدا ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان متمانەیان بە پارتی ھەیە تا سەرکردایەتیان بکات و سەرکەوتنی پارتی واتای باوەری ھاووڵاتیانە بەو حزبە."
kdp -
