عەبادی: پێویستە دەنگەکانی کەرکووک بە دەست هەژماربکرێنەوە

 عەبادی: پێویستە دەنگەکانی کەرکووک بە دەست هەژماربکرێنەوە
عەبادی رایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە گومان و کێشەکان پێویستە دەنگەکانی پارێزگای کەرکووک بە دەست هەژماربکرێنەوە.

لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایکرد، بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و گومانەکان لەسەر دەنگەکانی پارێزگای کەرکووک، پێویستە دەنگەکان بە دەست جیابکرێنەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات، بەشێوەیەکی شەفافانە و روون مامەڵە لەگەڵ ئەو تانانە بکات، کە لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە پێشکەشی کراون. بەشێوەیەکی شەفاف و دروست وردبینی جدی بەپێی یاسا لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکات، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە فراکسیۆنەکان و هاووڵاتیان دەکات پشت بە میکانزم و رێوشوێنی یاسایی ببەستن لە وروژاندنی سەرپێچی و پێشێلکارییەکان و تانەدان بەشێوەیەکی ئاشتییانە".

لەبارەی ئامێرەکانی دەنگدانیشەوە، کە بەشێکی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان گومانیان لەبارەیەوە هەیە، عەبادی گوتی "ئەنجوومەنی وەزیران پێیوایە پاراستنی دەنگی دەنگدەر لە پێشەوەی کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە، پێویستە لێکۆڵینەوە لە سەرپێچی و پێشێلکارییەکان بکرێت و دڵنیاببنەوە، کە ئامێری دەنگدان بە دروستی کارەکانی خۆی کردووە، تانەی ئەوە لێدراوە، کە رەنگە ئامێری دەنگدانەکە بە پێچەوانە کاری کردبێت، بۆیە ئەرکی کۆمیسیۆنە سەلامەتی ئەم کارە فەراهەم بکات".

لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنیش لە پارێزگای کەرکووک، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەدرێژی باسی لە دۆخی کەرکووک دوای هەڵبژاردن کرد و جەختی کردەوە لەوەی "چاومان بە نوێنەرانی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە کەوتووە، داواکارییەکی سنووردار هەیە، بۆ ئەوەی پشکنین لە سندووق و ئامێرەکانی دەنگدانی کەرکووک بکرێت. داوا دەکرێت پشکنین لە 82 یاخود 83 سندووق و ئامێری دەنگدان بکرێت لە کۆی هەزار و 350 سندووق، ئەمەش رێژەیەکی کەمە بەراورد بەو رێژەی زۆرەی سندووقەکان، پێمانوایە کۆمیسیۆن لە چوارچێوەی رێوشوێنی یاسایی خۆیدا، ئەرکییەتی پارێزگاری لە دۆخی ئەمنی کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە بکات، تاوەکو دۆخەکە نەگۆڕێت بۆ ململانێی فراکسیۆنەکان و جەماوەری فاکسیۆنەکان. پێویستە کۆمیسیۆن ئەم پرسە بە خێرایی یەکلایی بکاتەوە و یەکلاییکردنەوەکە ئاسانە، بانگەشە و پڕوپاگەندە هەیە لەلایەن فراکسیۆن و کەس و دەنگدەرانەوە لەسەر ئەوەی ئەنجامەکان لەنێوان سندووقەکان و ئامێرەکە جیاوازبێت، ئەمە کارێکی ئاسانە، تەنیا لەسەر کۆمیسیۆن پێویستە کەسانی پسپۆڕ بنێرێت، لەبەردەم چاودێری فراکسیۆنەکان و سندووقەکان بژمێرێت و بزانێت کارتەکان چەندە و بەراوردکردنیان لەگەڵ ئەنجامی ئامێرەکە، ئەمە بابەتەکە یەکلادەکەنەوە، سەرمسوڕماوە لەوەی کۆمیسیۆن ئەو هەموو کاتەی لەسەر ئەم بابەتە بردووە، داوا لە کۆمیسیۆن دەکەین رێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر، ئەمە کارێکی رێگە پێدراو نییە. درێژخایەندنی ئەم بابەتە، ئاسایشی وڵات دەخاتە مەترسییەوە، هێزە ئەمیینیەکان هەوڵیانداوە کۆنترۆڵی دۆخی کەرکووک بکەن و تاوەکو ئێستا پێشلکاری ئەمنی نییە، بەڵام ئاڵۆزکردن هەیە، خاوی کۆمیسیۆن لە یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، رەنگە ئاماژەی هەڵە بدات، لە کاتێکدا پێویستە شەفاییەت و بێگەردی هەبێت و هەموو داواکارییەکان ئەوەیە شەقاف و روون بن لەگەڵ ئەم بابەتەدا".

عەبادی زیاتر گوتی "بابەتێکی ئاڵۆزیش نییە، بە فەرمی تانە پێشکەشکراون لە بەڵگەنامەی 110 تۆمارکراوە و واژۆی لەسەر کراوە، کە تایبەتە بە پێشلکارییەکان. کۆمیسیۆن تەنیا کاری ئەوەیە ئەو چەند سندووقە کەمەی هەیە، تەنیا بچێت و وردبینی تێدا بکات، بە دەست دەنگەکانی ئەو سندووقانە هەژمار و جیابکاتەوە، لەبەردەم چاودێرانی فراکسیۆنەکان، ئەگەر سەلمێنرا هیچ ناکۆکییەک نییە، ئەوا ئەم بابەتە کۆتایی دێت. ئەگەر خوا نەخواستە ناکۆکی هەبوو و ئەمە سەلمێنرا ، ئەوا دەچێتە قۆناخی دواتر، کە کۆمیسیۆن بڕیار لەسەر قۆناخی داهاتووی دەدات".
rudaw -
Top