بۆ رەمەزان چەند بڕە خۆراکێک بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت

 بۆ رەمەزان چەند بڕە خۆراکێک بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت
بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای دەکات، بۆ مانگی رەمەزان (مانگی رۆژووی موسڵمانان) چەند بڕە خۆراکێک لەڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە دابەش دەکرێت.



نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: “بە بۆنەی مانگی رەمەزانەوە بڕی ٥ کیلۆ ئاردی سفر دەدرێتە ھەر خێزانێک و ئاردەکەش لەنێو رەمەزاندا دابەش دەکرێت”.



ئاماژەی بەوەش دا، لەپاڵ ئاردی سفر، بەشە ئاردی مانگانەش دابەش دەکرێت، گوتیشی: “گەنم لە سایلۆکانی کوردستان نەماوە، بەڵام عێراق گەنمێکی زۆری کڕیوە و بۆ ئێمەش رەوانە کراوە، بەم نزیکانە دەست بە دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگی سێ دەکرێت”.



بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی ئاشکراشی کرد: “لە بەغداوە ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی بەشەخۆراکێکی تەواو لە مانگی رەمەزان دابەش بکرێت، ئێستا برنج دەنێردرێت، کە تەواو بوو ئیدی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت”. بڕیارە لەپاڵ برنجدا شەکر و رۆنیش ھەر لەو مانگەدا دابەش بکرێت.



نەوزاد ئەدھەم روونی کردەوە، جگە لە ئاردی سفر، عێراق بڕیاری نەداوە ھیچ بڕە خۆراکێکی تری تایبەت بۆ رەمەزان دابەش بکات، گوتیشی: “عێراق بەشەخۆراکی مانگانە وەکوو پێویست رەوانە ناکات، بۆیە خەمی ئێمە ئەوە نییە خۆراکی تایبەت بە رەمەزان بدرێت، بەڵکوو ئەوەی ھەیە بە باشی بگات و کوالێتیی باش بێت”.



ئەو کە بەرپرسە لە چاودێریی بازاڕیش، جەختی کردەوە: “لە مانگی رەمەزان لیژنەکانی ئابووری و چاودێرانی بازاڕ سەردانی شوێن و بازاڕەکان دەکەن، بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە ھەر ھەوڵێک بۆ گرانکردنی خۆراک و پێداویستیی خەڵک”.




باسنيوز
Top