لە سنووری بانە و پیرانشار دوو کۆڵبەری دیکە بوونە قوربانی
لەمبارەوە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) بڵاوی کردووەتەوە ڕۆژی یەکشەممە 2018/5/13 بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووریی بانە کۆڵبەرێکی کورد بەناوی "یادگار کەریمیان، تەمەن 30 ساڵ و کوڕی عەبدوڵا و خەڵکی گوندی "بیاندەرە"ی بانە لاقی پەڕیوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە یادگار بۆ بژیوی بنەماڵەکەی لە خاڵە سنووریەکان سەرقاڵی کۆڵبەری بووە کە کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی حکوومەتی ئێران لاقی پەڕیوە و دواتر ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی بانە کراوە.
هاوکات لەمبارەوە هەمان ڕۆژ لە سنووری پیرانشار کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناوی "ڕەحمان ڕەسووڵیئازەر" کوڕی خالید، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار و دواتر ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشانەکانی هەولێر کراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە ڕەحمان دانیشتووی گوندی "گلارە"ی سەر بە پیرانشارە کە ڕۆژی یەکشەممەی پێشوو لە شوێنێک بەناوی "دەستارە" مینی پێدا تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی پەڕینی لاقی.
باسنیوز
