لەسەر ئاستی کوردستان، ناوچە داگیرکراوەکان و ئەوروپا پارتی دیموكراتی كوردستان بردیەوە

 لەسەر ئاستی کوردستان، ناوچە داگیرکراوەکان و ئەوروپا پارتی دیموكراتی كوردستان بردیەوە
سەرەڕای بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن لە کەرکووک، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە و بە کۆی دەنگەکانی، لە پێشەوەی ھەموو پارتە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانە، بە ژمارەی کورسییەکانیشی توانیویەتی یەکەمی سەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان و دەرەوەی عێراقیش بێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پارتی وەکوو ھێزێکی گەورە، سەرمەشقی بڕیاردانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بووە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ھەروەھا لایەنەکانی دیکەی دژ بە ریفراندۆم لە بانگەشەکانیاندا پارتییان بە (ریفراندۆمچی) ناو دەبرد.



بەپێی دوا ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەڕای بایکۆتی ھەڵبژاردن لە کەرکووک و نەگەیشتنی دەنگەکانی ھەندەران، توانیویەتی پتر لە ٦٠٠ ھەزار دەنگ بەدەست بھێنێت، کە بەپێی یاساکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکاتە ٢٥ کورسیی پەرلەمانی عێراق و چاوەڕوانیش دەکرێ زیاتر بێت، بەو پێیەش یەکەمی ھەڵبژاردن بووە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبی، بەدوای ئەویشدا بە جیاوازییەکی زۆر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ھەڵمەتەکانی بانگەشەدا بەشێک لە سەرکردەکانیان، ریفراندۆمیان بە (پرۆسەیەکی شکستخواردوو) دادەنا لە پلەی دووەمدایە، بەڵام شەش لایەنی کوردستانی تێبینی و رەخنەیان لەبارەی دەنگەکانی یەکێتییەوە ھەیە و پێیان وایە لەڕێگەی ھاککردنی ئامێرەکانی ژماردنی دەنگەکانەوە دەنگێکی زۆری ئەوانی بردووە، لەدوای ئەویش بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەویش بە ھەمان شێوە لە بانگەشەکاندا دژایەتییان بۆ ریفراندۆم پیشان دەدا، لە پلەی سێیەمدایە و نەوەی نوێ کە بەرەی (نەخێر بۆ ریفراندۆم)ی پێک ھێنابوو لە پلەی چوارەمدایە، بەدوای ئەویش لیستی ھاوپەیمانیی (بەرھەم ساڵح) لە پلەی پێنجەم و یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی شەشەمدایە، ئنجا کۆمەڵی ئیسلامی کە توندترین ھێز بوو دژی ریفراندۆم وەستایەوە پلەی حەوتەمی گرتووە، کە کۆی دەنگەکانی ھەموو لایەنەکان تا ئێستا بەبێ ھژمارکردنی دەنگەکانی ھەندەران ناگاتە ئەو ژمارەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەستی ھێناوە، کە گەورەترین ھێز بووە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستانی داوە و پێشڕەوایەتیی ئەو پرۆسەیەی کرد.



ھاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر بەپێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، لە دەنگدانی تایبەت و دەرەوەی عێراقیش پلەی یەکەمی بەدەست ھێناوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەدیارکراوی ژمارەی دەنگەکان یەکلا نەبوونەتەوە.



لەم بارەیەوە دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەوروپا، بۆ (باس) رای گەیاند: ”بەپێی داتا و زانیارییەکانی بەردەستم پارتی لە فەرەنسا، نەرویج، فینلەندا، ھۆڵەندا و بەلجیکا لە پلەی یەکەمدایە، بەراورد بە ھێزەکانی دیکە دەنگێکی زۆری بردووەتەوە“.



لای خۆشیانەوە، ساسان عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو دەنگھێنانەی پارتی چاوەڕوانکراو بووە و بەلاشیانەوە ھێشتا دەبوو زیاتر بھێنن، گوتیشی: ”خەڵکی کوردستان و جەماوەر و ئەندامانی پارتی لە ھەموو ھەڵبژاردنێک پاداشتی ھەڵوێستەکانی پارتی دەدەنەوە، لەگەڵ ئەوەش لەم ھەڵبژاردنە ئۆرگانەکانی پارتی بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بە بەرنامە بۆ داڕێژراو کاریان بۆ سەرخستنی حزبەکەیان کرد“.



ئەو سەرکردەیەی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، خەڵکی لەم ھەڵبژاردنەدا پاداشتی پارتییان کرد، لەبەرامبەر بەو پارێزگارییەی لەدوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر لە قەوارەی ھەرێمی کوردستانی کرد و سوپاسی ھەڵویستی پارتییان کرد لە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، گوتی: “پارتی بەرھەمی خەبات و ماندووبوون و قوربانیدانی خۆی لەم ھەڵبژاردنەدا چنیوەتەوە، مێژووێکە پڕ لە شانازی“.



ھاوکات، محەمەد بازیانی، چاودێری سیاسی و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی چاکسازی و گەشە، بۆ (باس) رای گەیاند، بەشێوەیەکی گشتی پارتی دەنگەکانی خۆی ھێناوەتەوە، کە لە ھەڵبژاردنەکانی رابردووشدا ھەر بەو شێوەیە بووە، گوتی: “ڕیفراندۆم نە بە شێوەی ئەرێنی و نە بە شێوەی نەرێنی کاریگەریی لەسەر دەنگەکانی پارتی نەبووە، پرسی ڕیفراندۆم پەیوەست بووە بە ھەڵویستی ھەر ھێزێک خۆیەوە کە جەماوەرەکەی بڕیاری لەبارەوە بۆ داوە، بەڵام پارتی ھێزێکە لە ھەڵبژاردنەکانی رابردووشدا بەو قەبارە دەنگی ھێناوە، چونکە ئەگەر ئەو دەنگانەی بەھۆی ڕیفراندۆمەوە بوایە، ئەوە یەکێتی لەسەر ئەو پرسە نیوە بە نیوە بووە، نیوەی لەگەڵ ریفراندۆم بوو نیوەی لەگەڵدا نەبوو، بەڵام دەنگی ھەر زیادی کردووە، ھێزی دیکەش کە لەگەڵ ڕیفراندۆمدا بوو دەنگیان کەمی کردووە، بابەتە تا ئێستا ناتوانرێ زۆر بە باشی روون بکرێتەوە، چونکە ھەندێ لایەن نیشانەی پرسیاریان لەسەر پڕۆسەکە و رەخنەیان لە کەمبوونەوەی دەنگەکانیان ھەیە“.

لای خۆشەوە، د.عەبدولحەکیم خەسرەو، چاودێری سیاسی، بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، جیاوازیی پارتی لەگەڵ ھێزەکانی دیکە و بوونی ئەو دەنگە زۆرەی پەیوەندیی بە ھەڵویستی نیشتمانی و نەتەوەیی و ھەروەھا ڕای جێگیرەوە ھەیە، گوتی: ”ھێزەکانی دیکە بۆچوونی ڕێکخراویان لەبارەی پرسەکانەوە نییە و زۆر جار ڕایەکانیان لەسەر پرسەکان دەگۆڕن، ھەرچی پارتییە جەماوەرەکەی دەزانێ لەسەر ئەو پرسە کە ھەبێت ڕای چۆنە و چییە، لەبەرئەوە متمانەی پێ دەکاتەوە و دەنگی پێ دەداتەوە“.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو دۆخەی لە رابردوودا رووی دا لە ھەڵوێستی پارتی لەبەرامبەر بە ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردستان و ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی لە بەغدا، کاریگەریی لەسەر مانەوەی جەماوەری ئەو ھێزە ھەبووە و بەھۆیەوە دەنگەکانی بەو ڕێژە بەرزە ماوەتەوە.






باسنیوز
Top