گۆڕان هێزی چەکدار دروست دەکات و بەرپرسانی بە چەکەوە دەوام دەکەن
ڕۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، هێزێکی سەر بە لاهوور جەنگی، پەلاماری مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانی دا و هەر ئەوکاتەش بەرپرسانی گۆڕان داوایان لە لایەنگرانیان کرد، بە چەکەوە بچنە گردەکە و بەرگرییان لێ بکەن. دواتریش میدیاکانی سەر بە گۆڕان ئاشکرایان کرد کە خواستێکی جددی لەلایەن گۆڕانەوە بۆ درووستکردنی هێزی چەکدار سەری هەڵداوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا دەردەکەوێت، دوای هێرشکردنە سەر گردەکە، بەرپرسانی گۆڕان بە تاقم و تفەنگەوە لە گردەکە ماونەتەوە و وەک لە وێنەکانیشیان دیارە، پاسەوانی لە گۆڕەکەی نەوشیروان مستەفا دەکەن.
لەمبارەیەوە محەمەد قیادە، هەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: “ھەرچەندە لایەنگران و هەڵسووڕاوانی گۆڕان، کەسانی بێ چەکن، بەڵام بەبێ ئەوەی ئێمە ھیچ شتێک بکەین، ئەوان بە دۆشکە و چەکی قورس پەلاماری ئێمەیان داوە”.
جەختیشی لەوە کردەوە: “کاتێک ھێزەکەی یەکێتی بەچەکی قورس پەلاماری ئێمەیان داوە، ئێمە لەگردی زەرگەتە ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرینمان ھەیە، بێگومان ئێمە کاتێک پێشمەرگە بووین، لانی کەم چەکێکی کڵاشینکۆفمان پێیە بەڵام ئێمە شەڕ ناکەین، تا ئەو کاتەی دێنە سەرمان، ھەرکاتێکیش پەلامار دراین، یان دەمانکوژن یان دەیانکوژین”.
محەمەد قیادە ڕايگەیاند سەرکردەکانی گۆڕان دەتوانن بڕیار لەسەر دروستکردنی هێزی چەکدار بدەن. گوتیشی: “ئەگەر بڕیارێکی لەم شێوەیە بدرێت، بێگومان دەتوانێن ھێزی چەکدار درووست بکەین”.
هەر لەمبارەیەوە عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی گۆڕان لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ڕای گەیاند: ”سێ ساڵە داوا دەکەم هێزێکی خۆمان هەبێت بە شێوەی خۆبەخش یان ڕێکخستنەوەی چەکدارەکانمان بێت لەنێو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی خۆمان“.
موبارەک نایشارێتەوە کە دەبێ گۆڕان هێزێکی بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی هەبێت و دەڵێت: ”بەردەوام بیرم لای ئەوەیە کە هێزێک هەبێ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆمان بکەین“.
پێشتر چاودێران چەندان جار هۆشدارییان لە ئەگەری درووستبوونی گرژی و ناسەقامگیری ڕەوشی سلێمانی داوە، بەهۆی ئەو سیاسەتەی بەشێک لە حزبەکان لە سنووری پارێزگاکە پەیڕەوی دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی گۆڕان بە شێوەیەکی بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات، بزووتنەوەیەکی مەدەنییە و کار بۆ ئەوە دەکەن، حزبەکان لە هێزی چەکدار دابماڵدرێن.
باسنيوز
