سکرتێری پەرلەمان: دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ دەكەنەوە
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، دانیشتنە ئاساییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەست پێدەكەنەوە و پڕۆژە یاسای چاكسازیش دەخرێتە بەرنامەی كارەوە.
بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لەمبارەوە راگەیاند: ئەمڕۆ دوشەممە 14-5-2018 یەكەم رۆژی دەستپێكردنەوەی دەوامی پەرلەمان دەبێت و لەم هەفتەیەدا لەگەڵ لیژنەی یاساییدا كۆ دەبینەوە و بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین چ پڕژە یاسایەك بخەینە بەرنامەی كارەوە".
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەم هەفتەیە تەنیا بەرنامەڕێژی دەكرێت و هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەست پێدەكەنەوە".
لەبارەی پڕۆژە یاسای چاكسازی كە بەهۆی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە دوا خرابوو، بێگەر تاڵەبانی رای گەیاند: "لیژنەی یاسایی پڕۆژەكە تاوتوێ دەكاتەوە و ئەو مادانەی كە تێبینیان لەسەرە، بۆچوونی حكوومەتی لەسەر وەردەگیرێت".
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان باس لەوەش دەكات كە دوای وەڵامدانەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژە یاساكە دەخرێتە بەرنامەی كارەوە و دانیشتنی لەسەر دەكرێت.
باسنيوز
