هۆشیار زێباری بۆ نێوانگیریی یەكێتی و گۆڕان چووە سلێمانی
بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی (رۆیتەرز)ی بەریتانی، ئاڵۆزیی دۆخی سلێمانی تاوەكو بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممەش بەردەوام بووە. دۆخەكە كاتێك تێكچوو كە هەر یەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبی شیوعی كوردستان، یەكێتییان بەوە تۆمەتبار كرد كە سندوقەكانی دەنگدانی هاك كردووە.
راپۆرتەكەی رۆیتەرز ئاشكرای دەكات كە هۆشیار زێباری لە كاتی ئاڵۆزییەكەدا لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی كەوتووەتەڕێ، بۆ ئەوەی نێوبژیوانی بكات. لە گەرمەی گرژییەكەدا زێباری لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسە بەریتانیاكەی راگەیاند "هێزە چەكدارەكان لەناو بارەگاكانی بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری جێگیركراون".
زێباری كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتییە، بە (رۆیتەرز)ی گوت "ئەگەر ئەنجامەكان دروست بوونایە، لەوانەیە یەكێتی چوار كورسی هێنابا، لەوانەیە". بە گوێرەی ئەنجامە نافەرمییەكان كە تاوەكو ئێوارەی یەكشەممە بڵاوكراونەتەوە، یەكێتی لە نێوان 5 بۆ 6 كورسی لە پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوە. ماڵپەری فەرمی یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە 7 كورسییان لەو پارێزگایە هێناوە.
زێباری لەبارەی هەوڵەكانی بۆ هێوركردنەوەی دۆخی سلێمانی دەڵێ "لەگەڵ هەموو لایەنەكان قسەم كرد، لە قسەكانیانەوە وادیار بوو كە ئەگەر لایەنەكان ئەنجامی جێی رەزامەندی خۆیان بەدەست نەهێنن، ئەوە پەنا بۆ شەڕی چەكداری لەسەر شەقامەكان دەبەن".
لایەنە ناڕازییەكان رایانگەیاندووە كە ئامادە نین ئەنجامەكانی سلێمانی قەبووڵ بكەن و داوایان كردووە دەنگەكان بە دەست بژمێردرێن، ئەگینا داوا لە بەغدا دەكەن هەنگاوی پێویست بنێ.
بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانیی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە یەكێتیی جیابوونەوە، لایەنگرانی هەردوو لایەنەكەش بە سەرسوڕمانەوە باسی ساختەكارییەكان بۆ (رۆیتەرز) دەكەن. عەبدوڵڵا كوردی، ئەندازیاری تەمەن 33 ساڵ و خەڵكی كەركووك، لەمبارەیەوە بە ئاژانسە بەریتانییەكەی راگەیاند "ئێمە ناوێكمان دەخستە نێو سندوقەكەوە، كەچی دواتر ناوی دیكە دەرچووە، ئەمە ساختەكارییەكی رووتە".
شیرین محەممەد، كاندیدی هاوپەیمانی، بە ئاژانسە بەریتانییەكەی راگەیاندووە "فێڵەكان لە سندوقەكانی دەنگداندا كراون، بۆیەش داوای ژماردنی دەنگەكان بەدەست دەكەین، پارتە دەسەڵاتدارەكان، واتە پارتی و یەكێتی، لە پشت ئەمەن، ئێران و وڵاتانی دیكەش لە پشتیانن".
كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە ئەو سیستەمە نوێیە دەرچوونی ئەنجامەكان خێراتر و وردبینانەتر دەكا. كاروان ئەنوەر كە كادیرێكی باڵای یەكێتییە وێڕای رەتكردنەوەی ناڕەزایەتییەكان دەڵێ "ئەم تۆمەتانە هەڵەن، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە هەڵبژاردنەكان پاك بوون".
رووداو
