ئەمڕۆ ئەمریکا باڵیۆزخانەی خۆی دەگوازێتەوە بۆ ئۆرشەلیم
بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ولاتەکەی، لەلایەن ئیسرائیل و هاوپیەمانەکانییەوە پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە و هاوکات بووەتە هۆی ناڕەزایی فەلەستینییەکان.
لە حالێکدا بڕیارە شاندێکی باڵا لە کۆشکی سپی و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، دوانیوەڕۆی ئەمرۆ دووشەممە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی باڵیۆزخانەی نوێی ئەمریکا ئامادە بن، چاوەڕوان دەکرێت فەلەستینییەکان لە سنووری غەزە و ئیسرائیل و ناوچەکانی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەرببڕن.
دۆنالد ترەمپ، پاییزی ساڵی ڕابردوو لە گوتارێکدا سەرەڕای دژایەتیی زۆری ناوچەیی و تەنانەت بەشێک لە هاوپیەمانانی وڵاتەکەی، ئۆرشەلیم (بەیتولموقەدەس)ی وەک پایتەختی ئیسرائیل بە فەرمی ناساند و بەڵێنیی ئەوەی دا کە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە بۆ ئەو شارە.
ئەم بڕیارەی سەرکۆماری ئەمریکا کاردانەوەی فراوانی نیودەوڵەتیی لێ کەوتەوە و 128 وڵاتی جیهان لە دانیشتنێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دژایەتیی ئەو بڕیارەی حکوومەتی ئەمریکایان کرد.
باسنیوز
