فرسەت سۆفی: بە ھۆی ڕووداوەکانی سلێمانییەوە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی دوا دەکەوێت

 فرسەت سۆفی: بە ھۆی ڕووداوەکانی سلێمانییەوە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی دوا دەکەوێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، پێشبینی دەکرێت بە ھۆی ڕووداوەکانی سلێمانییەوە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازیی مووچەی خانەنشینان دوا بکەوێت و دەشڵێت، پەرلەمان فراکسیۆنەکانی بۆ کۆبوونەوەی بەیانی ئاگادار نەکردووەتەوە.

دکتۆر فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند: "بڕیار وابوو سبەی، ڕۆژی دووشەممە، پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و ھەمواری یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی پەسەند بکات، بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان، پێ دەچێت ئەو فەوزایەی لە سلێمانی بە ھۆی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانەوە دروست بووە، کاریگەری لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە ھەبێت، پێشبینی دەکرێت تا چەند ڕۆژێکی دیکە دوا بکەوێت."

دکتۆر فرسەت سۆفی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جددین لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەکە و بە ھیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئەوە ناکەین، لەبەر ئەوەش، بە ھەر شێوەیەک بێت دەبێ لەم پەرلەمانەی کوردستاندا پڕۆژەیاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی تێپەڕێنین و پەسەند بکرێت."









KDP
Top