شەش حزبی کوردستان بەرپرسیارێتیی ڕووداوەکانی شەوی ڕابردوو دەخەنە ئەستۆی یەکێتی
لە ڕاگەیاندراوی هاوبەشدا کە هەریەک لە (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، شیوعی، بزووتنەوە و هاوپەیمانی) دوای کۆبوونەوەیان بڵاویان کردەوە، پەلاماردانی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ئیدانە کرد و ڕایان گەیاند: ”ئۆباڵی ئەم کارە دەخەینە ئەستۆی هێزەکانی یەکێتی“. جەختیشیان لەوە کردەوە: ”ئەم ڕەفتارە نادیموکراسی و ناشارستانییە و ناوبانگی میللەتەکەمان لەکەدار دەکات“.
لەلایەن خۆشیەوە، موسەننا ئەمین، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆبوونەوەکە، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: ”ئێمە لە سەرجەم حزبەکان بڕیارمان داوە لە ڕۆژانی داهاتوودا هەنگاوی توندتر و یەکلاکەرەوەتر بگرینە بەر. پێویستە ئەو دەرئەنجامانە هەڵبوەشێتەوە و دەرئەنجامی راستەقینە ڕابگەیەندرێت“.
لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووس سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕانیش ئاماژەی بەوە کرد: ”هێرش کراوەتە سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان، تەقە لەو ژوورە کراوە کە سەرکردەکان تێیدا کۆبوونەتەوە، ئەمە بەکارهێنانی هێزی چەکداریی حزبییە و هەوڵێکی تیرۆریستییە. بەهۆی ئەو هێرشەوە شۆفێری ماڵپەڕی (خەندان) گیانی لەدەست داوە“.
باسنيوز
