هۆشیار زێباری: نێوماڵی خۆمان یەک نەخەین، زۆر شت لەدەست دەدەین
دوێنێ ١٢ی٥ی ٢٠١٨ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بە ڕێوە چوو، کە لە سەرتاسەری عێڕاق نزیکەی %٤٤ـی ھاووڵاتیان بەشداریی دەنگدانیان کردبوو کە دەکاتە نزیکەی ١٠ ملیۆن لە کۆی ٢٤ ملیۆن دەنگدەر، لە ھەرێمی کوردستان و مووسڵیش پارتی دیموکراتی کوردستان بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمسیۆن، براوەی یەکەمە و نزیکەی ٢٥ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی مسۆگەر کردووە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری، ھاوکات بە کەناڵی ئاسمانیی ڕووداوی ڕایگەیاندووە: "پارتی یەکەمە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، نەتیجەی باشی بە دەست ھێناوە لە ھەولێر و دھۆک و مووسڵ و شوێنەکانی تر رێژەی دەنگەکان."
زێباری گوتیشی: "ئەو کێشانەی لە سلێمانی و کەرکووک ھەیە، لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەمەش بە رێگای یاسایی دەبێت چارە بکرێت، کۆمسیۆن پێویستە بەوکارە ھەستێت."
دەربارەی هەڵوێستی وڵاتانیش پێوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی، وڵاتان پێیان باش بوو ھەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆی بکرێت و پرۆسەکەش بە ئارامی وەسف دەکەن، هەروەها گوتیشی "ڕاستە ڕێژەی بەشداربووان لە سەرتاسەری عێڕاق کەمە خەڵَکێکی زۆر بەشداری ھەڵبژاردنەکانی نەکردنەوە، وە تا ئێستا ھیچ گرووپیک و لایەنێک زۆربەی زۆری دەنگەکانی بەدەست نەھێناوە لەبەر ئەوە پێویستیان بە حکوومەتێکی بنکەفراوان دەبێت."
هۆشیار زێباری لەسەر ئەو باوەرەش نییە کە حکوومەتی نوێ وا زوو دروست بێت و، دەڵێ کە کاتی پێویستە تا حکوومەت بێتە کایەوە.
دەربارەی دۆخی نائارامی سلێمانییشەوە بە هۆی ئەوەوە کە شەوی ڕابرد هەڵکوترایە سەر گردەکەی بزووتنەوەی گۆڕان، گوتی "ئەو دۆخەی لە سلێمانی ھاتۆتە کایەوە دڵخۆشکەر نییە، ھەموو لایەنەکان پێویستە یەکدەنگ و یەکھەڵوێست بن، ئەگەر یەکدەنگ نەبین، زۆر شت لە دەست دەدەین لە بەغدا."
لەبارەی هەنگاوی دوای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە زێباری ڕایگەیاند: "یەکەم ھەنگاومان ئەوەیە دەبێت نێوماڵی خۆمان رێک بخەینەوە، پێش ھەڵبژاردن موزایەدە ھەبوو، بەڵام ئەوەی چوو چوو، دەبێت بیر بکەینەوە ک چیمان دەوێت لە بەغدا."
KDP
