ژنە پەرلەمانتارێک: بۆ ئەوەی هەرزەکارەکان نەبنە دەمڕاستی کوردستان دەنگم دا
نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، عەقڵیەتی دەسەڵاتدارانی عێراق نەگۆڕە و ”بە چاوێکی دوژمنانە و ژمارە دوو سەیری گەلی کوردستان دەکەن“.
نەدا مێرگەسۆری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەگەرچی هیچ هیوایەکی بەو وڵاتە نەماوە، بەڵام بۆ ئەوەی ”هەرزەكارە سیاسییە هاوخوێنە كوردەكانمان لە زۆنە هەمەرەنگەكەی كوردستان“ نەبنە دەمڕاستی گەلی کوردستان لە بەغدا، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کردووە و دەنگی داوە.
ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە ئەگەر ”هەرزەکارە هاوخوێنەکانمان“ ببنە دەمڕاستی گەلی کوردستان لە عێراق، ئەوا ئەوان بۆ “پایە و پارەی بەغدا“ پێشمەرگە بە دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ”سوپای وڵاتانی ئیقلیمی، بە کوشت دەدەن“.
نەدا مێرگەسۆری بە هێما ناوی ئەو لیستەی ئاشکرا کردووە، کە دەنگی پێداوە و رایگەیاندووە، ”دەنگم دا بە لیستێك كە سەرتاپای جەستەی خەبات و خۆڕاگری و سەربەرزی و مصداقیەتە“.
کاتژمێر 7ـی سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان، دەستی پێ کرد و تا کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
باسنيوز
