نێچیرڤان بارزانى جه‌خت له‌ یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كاته‌وه‌

 نێچیرڤان بارزانى جه‌خت له‌ یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كاته‌وه‌
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ولێر، به‌شداری له پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد.

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12/5/2018،‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ولێر، به‌شداری له پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد و پرێس کۆنفرانسێکی ساز کرد.

دوای ده‌نگدان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، له‌ پرێس کۆنفراسێکدا،‌‌‌ باسی له‌ گرنگی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕایگه‌یاند: "پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌موو گه‌لی عێراق و گه‌لی كوردستان له‌ عێراق و هه‌موو گه‌لانی عێراق، مێژووییه‌ و پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتییه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ هاووڵاتیانی عێراق به‌گشتی نوێنه‌رانی خۆیان بۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن“.

راشی گەیاند: ”هیوادارین خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ جددی هه‌موویان بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌ن كه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر زۆر گرنگه، بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق گرنگه‌ و هیوادارم له‌م ڕۆژه‌دا هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ولێر ئێستا بارانیشه‌، به‌ڵام من هیوادارم ئه‌مه‌ نه‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ن نه‌یێته‌ ده‌نگدان و هیوادارم هه‌موولایه‌ك بچنه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان، چونكه‌ بۆ ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵبژاردنی گرنگن، هیوادارم بۆ هه‌موو عێراق به‌ خێر و خۆشی بگه‌ڕێته‌وه‌“.

دواتر له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئەوەی خستە روو، کە سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانن قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌ عێراق چه‌ند كورسی ده‌هێنن كه‌ ئه‌مه‌ قۆناغی یه‌كه‌مه‌ و هه‌ر لایه‌نێك له‌ عێراق به‌بێ هاوپه‌یمانی ناتوانێت حكوومه‌ت پێكبهێنێت، ئه‌مه‌ ڕوونه‌ و پێیان وا نییه‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی زۆرینه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقدا بێت، چونكه‌ عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافق دروست بووه‌ و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌یه‌كی وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی كورد، پێویسته‌ ڕه‌چاوی پرسی ته‌وافق بكرێت و به‌ بڕوای ئەوان‌ بێ ته‌وافق ئه‌سته‌مه‌ حكوومه‌تی داهاتوو بتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت.

ده‌رباره‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ تا ئێستا هه‌ن، ئاشكرای كرد: "ئه‌و ماوه‌یه‌ی ڕابردوو هه‌م بۆ به‌غدا و هه‌م بۆ ئێمه‌ ئه‌زموونێك بوو، هیوادارم ئه‌م ئه‌زموونه‌ بووبێته‌ هۆكار هه‌ردوولا به‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و له‌سه‌ر مێزی دانوستان ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌ن و ماوه‌ی 12 ساڵه‌ بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه،‌ له‌ ساڵی 2005ه‌وه‌ تا ئێستا چاره‌سه‌ر بكرێن، دوای ئه‌م قۆناغه‌ كه‌ قۆناغێكی ته‌واو نوێیه‌ له‌ عێراقدا و دوای تێشكشانی تیرۆرستانی داعشه‌، پێویسته‌ زیاتر گرنگی به‌ پرسی خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ بدرێت و گرنگی به‌ پرسی ئابووری له‌م وڵاته‌دا بدرێت كه‌ چۆن به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت،ئه‌مانه‌ ئه‌و شتانه‌ن كه‌ پێویست ده‌كات سه‌قامگیریه‌كی سیاسی له‌م وڵاته‌دا دروست ببێت، بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌و باوه‌ڕه‌دا نین ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ سیاسییه‌ دروست ده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ مه‌رجی یه‌كه‌می هه‌موو پێشكه‌وتنه‌كانی دیكه‌یه‌،‌ بۆیه‌ هیوادارین ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ بۆ هه‌موو لایه‌كمان وانه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی دابنیشین و كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین“.

سه‌باره‌ت به‌و سیستەمه‌ نوێیه‌ی كه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێ به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و خاویی سیسته‌مه‌كه‌ و پێگه‌ی كورد دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراقدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕای گه‌یاند "ئه‌م سیستەمه‌، سیستەمێكی نوێیه‌ و له‌وانه‌یه‌ فێربوونی به‌كارهێنانی ئاسان نه‌بێت و خۆشم یه‌كێك له‌وانه ‌بووم، به‌ڵام به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ده‌ڵێن ئه‌و سیستەمه‌ وردتره‌ و هیوادارم به‌و شێوه‌یه‌ بێت و یه‌كه‌مجاره‌ له‌ عێراقدا تاقی ده‌كرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بینیمان له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا هه‌موو كه‌سێك نه‌یانتوانی ده‌نگ بده‌ن كه‌ سیستمه‌كه‌ زۆر به‌ هێواشی به‌ڕیوه‌ چووه‌، هیوا ده‌خوازین كه‌ گرنگییه‌كی ته‌واو به‌و پرسه‌ بدات و مافی هاووڵاتیان كه‌ مافی خۆیانه‌ بچنه‌ ده‌نگدان، هه‌موو ڕێكارێك بگرنه‌ به‌ر تاكو ئه‌و مافه‌ی خه‌ڵك نه‌فه‌وتێت“.

جەختی لەوەش کردەوە: ”كێشه‌ی ئێمه‌ له‌ به‌غدا پۆست نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی گه‌لی كوردستانه‌، ئه‌و كێشانه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، كێشه‌ی ئێمه‌ له‌ به‌غدا كێشه‌ی ماده‌ی 140، چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی داهاته‌، ئه‌مانه‌ ئه‌و كێشه‌ جدییانه‌ن كه‌ ده‌بێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایان بكه‌ینه‌وه‌، وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق و هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ عێراقدا، بێگومان مافی خۆمانه‌ هه‌ندێك پۆستمان هه‌بێت، له‌مانه‌ش پۆستی سیادی كه‌ سه‌ركۆمار یه‌كێك له‌و پۆستانه‌یه، به‌ بۆچوونی ئێمه‌ یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ ده‌بێت به‌ كورد بدرێت، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ هیوادارم له ‌ناوخۆماندا یه‌كگرتوو بین بۆ هه‌موو شتێك و ئه‌مه‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتنمانه‌، ئه‌گه‌رنا زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت“.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ له‌ده‌ستدانی ده‌نگه‌كانی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، نێچیرڤان بارزانی، گوتیشی: ”به ‌ڕاستی ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن دیاری ده‌كات و ئێستا زووه‌ بڵێین كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت و دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دیار ده‌بێت. ئێمه‌ كورسی له‌و ناوچانه‌ بهێنین یان نا، ئه‌و ناوچانه‌ ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌رن و ناوه‌كه‌یان دیاره‌ كه‌ كێشه‌یان له‌سه‌ره، نه‌ ئێمه‌ ده‌توانین ده‌سه‌ڵاتی ته‌واومان له‌و شوێنانه‌دا هه‌بێت و نه‌ به‌غدا. ئه‌مه‌ پێویسی به‌وه‌یه‌ دابنیشین و به‌پێی ده‌ستوور به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه“‌.

لە‌رباره‌ی دروستكردنی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی كوردی له‌ به‌غدا، ئاشكرای كرد: ”ئێمه‌ پشتئه‌ستوورین به‌و ده‌نگانه‌ی گه‌لی كوردستان كه‌ نوێنه‌ره‌كانی خۆیان پێی دیاره‌ی ده‌كه‌ن بۆ په‌رله‌مانی عێراق، تا ئێمه‌ له‌و وڵاته‌دا بین كه‌ پێی ده‌ڵێن عێراق، پێویست ده‌كات به‌شدارییه‌كی كارا و جددیمان هه‌بێت له‌ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان“.

جەختی لەوەش کردەوە، کە سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه‌ی له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا لایه‌نه‌كان كردیانه‌ سه‌ر یه‌كتری، دوای ئه‌مڕۆ قۆناغێكی نوێ ده‌ستی پێ كردووه‌، ئه‌م قۆناغه‌ به‌تایبه‌تی له‌ كوردستاندا وا ده‌خوازێت به‌په‌له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بێ جیاوازی دابنیشن و ستراتیژیه‌تێك دابڕێژین بۆ چۆنیه‌تیی كاركردنیان له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌گه‌ر نا به‌ په‌رته‌وازه‌یی بچنه‌ به‌غدا و هه‌ریه‌ك به‌ دوو كورسی، یان چوار كورسی، یان چه‌ند كورسییه‌ك بێت، ناتوانن ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌نجامی بده‌ن، جەختی لەوەش کردەوە،: ”ژماره‌ی كورسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌نجا تا شه‌ست و شه‌ست و پێنج كه‌متر یان زیاتر بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م ژماره‌یه‌ یه‌كگرتوو بن ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كی یه‌كجار زۆریان هه‌بێت له ‌به‌غدا، ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو نه‌بن وه‌ك كوتله‌یه‌ك له‌وێ، بێگومان ناتوانن هیچ شێتك له‌سه‌ر ئه‌و شتانه ‌زیاد بكه‌ن كه‌ تا ئیستا له‌ به‌غدا هه‌بووه‌. من له‌ قسه‌كانی خۆم له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیش جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین به‌په‌له‌ ئه‌و دانیشتنه‌ ئه‌نجام بده‌ین بێ ئه‌وه‌ی ده‌فته‌ری كۆن هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ كه‌ چی كراوه‌ و كێ چی كردووه‌، ئاماده‌ین به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستپێبكه‌ین و هه‌ر ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ش بگه‌ڕێینه‌وه‌ به‌غدا“.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا دوای بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقی تازەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کرد، بەو هیوایەی بتوانن بەشدار بن لە بنیادنانەوەی وڵات، لەکاتێکدا کورد خاوەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو و هەموو شتێکی خۆیان هەبوو، هەرچەند ئەندام نەبوون لە یووئێن، لەوبارەیەوە گوتی: ”بەو هیوایە گەڕاینەوە بۆ عێراق کە عێراقێکی نوێیە، دوای نووسینەوەی دەستوور پێمان وابوو قۆناغێکی نوێ لەم وڵاتە دەست پێ دەکاتەوە بۆ هەموو پێکهاتەکان، نەک تەنیا بۆ کورد“.

سەرۆک وەزیران نیگەران بوو لەوەی ڕەوشەکە وادەرنەچوو کە خەڵکی کوردستان دەیویست، دەربارەی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقیش، ئاماژەی بەو کەسانە کرد کە لە پرۆسەکەدا بەشدار بوون و بەڵێنی جێبەجێکردنیان بە کورد دابوو لەگەڵ جەختکردنەوەی وڵاتانی دەرەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هاوکات خواستی کوردستانی دووپات کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ئێستا داوای خەڵکی کوردستان جێبەجێکردنی دەستوور بووە وەک ئەوەی کە هەیە، هەروەها ئەوەی بە ئەزموونێک بۆ هەولێر و بەغدا لەقەڵەم دا بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لەو ئەزمەوونە ببینن و بە عەقڵێکی کراوە باس لەوە بکەن کە کێشەکان لە چوارچێوەی عێراق و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن، ‌‌گوتیشى: ”بەو هیوایە بەشداریمان کردووە و دەمانەوێ زۆر بە جدی بەشدار بین لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا و بتوانین کێشەکانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بکەین“.

نێچیرڤان بارزانی، ڕوو لە خەڵکی کوردستان بۆ بەشداریی چالاکتر له‌ ده‌نگدان، گوتی: ”بۆ ئێمە وەک هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بەشدارییەکی کارا بکەن و بچن بەرەو سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەن. دەنگدان بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زۆر گرنگە و نابێ ئەو دەرفەتە بۆ کەس لەدەست بدەین و دوودڵ بین، ئەوە بۆ خۆمانە دەکەین“.

سەبارەت بە هەڵوێستی کورد لەسەر پێکهاتەی داهاتووی حکوومەتی عێراق، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ حکوومەتی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بێت و هەندێ شتی بنەڕەتی هەیە دەبێ ڕەچاو بکرێت. ئەوەشی گوت کە لە دەستووری عێراقدا کورد و عەرەب وەک شەریک و هاوبەش لەم وڵاتەدا پێناسە کراوە، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیی ئەم وڵاتەیە و دەبێ ڕه‌چاو بکرێت و لایەنەکانی دیکەش دەبێ ڕه‌چاو بکرێن. بۆیە بە پێویستی زانی دیسانەوە تەوافوقێک هەبێ لە شێوەی پێکهاتەی حکوومەتی ئایندە لە بەغدا.

ده‌رباره‌ى سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقیش، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە هەرێمی کوردستان لەگەڵ شه‌خس مامەڵە بکات، بۆیە گوتی: ”ئێمە بەپێی بەرنامە لەگەڵیان ڕێکدەکەوین، لەم هەڵبژاردنەشدا کەس ناتوانێ بە تەنیا ئەو ژمارە کورسییانە بهێنێ بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بۆیە ناچار دەبێ لەگەڵ لایەنی دیکە ڕێککەوتن بکات“.

گوتیشى: ”ئێمە وەک کورد داواکارییەکانمان بخەینە بەر دەستی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و هاوپەیمانی لەگەڵ بکەین لەسەر بنەمای بەرنامەیەک، نەک لەسەر بنەمای شەخش کە کێ دەبێ، چونکە شەخس دێ و دەڕوا و ئەم وڵاتە دەمێنێ، پێویستە ئەوە بەپێی بەرنامەیەک بێت.

هیواشی خواست ئەمجارەیان کورد بەپێی بەرنامەیەک و وادەیەکی دیاریکراو بتوانێ کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات و ئەوەی بە قازانجی هەموو عێراق دانا و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە بەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە، عێراق ناتوانێ سەقامگیری تێدا هەبێت، لەبەر ئەوە لە جیاتی ئەوەی شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەین و سوور بین کە مافی یەکتر نەدەین، باشتر وایە دابنیشین و کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەین.

سەبارەت بەوەی کە ئایا دوای هاتنەسەرکاری حکوومەتی تازە لە عێراق، ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بەتایبەت لەسەر پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک خۆی دەمێنێ و بەردەوام دەبێت؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی: ”ئەو ڕێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، وەک ئەوەی کە هەیە. لەگەڵ سەرۆک وەزیران چۆن ڕێککەوتنمان کردووە، بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ دەبێت“.








باسنيوز
Top