قەزوان سەرچاوەی بژێویی بەشێك لە گوندنشینانی قهزای پشدهره
دارهبهن كه داربنێشت یان دارى قهزوانیشى پێ دهگوترێت، یهكێكه لهو دارانهى كه خۆڕسكه و له چیاكان دهڕوێت، گوندهكانی بناری قهندیل له سنووری قهزای پشدهر یهكێكن لهو ناوچانهى كه زۆرترین دارهبهنى لێیه، ساڵانه جووتیارانى سنوورهكه له بهرهكهى كه قەزوان و بنێشتهتاڵەیە، سوودمهند دهبن و وهكوو سهرچاوهیهكی بژێویی ژیانیان پشتی پێ دهبهستن.
ساڵح ئهحمهد، كە جووتیارێكی گوندی ئێندزێی بناری قهندیله له سنووری قهزای پشدهر، لە دیمانەیەكدا بۆ (باس) بەم شێوەیە دوا: "داری قەزوان لە كوردەواریدا پێی دەگوترێت دارەبەن یان داری بنێشت، ئەم دارە زیاتر لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە و مێژوویەكی دێرینی هەیە، لە كولتووری كوردەواریدا و باووباپیرانمان وەك سەرچاوەی بژێویی ژیان بەكاریان هێناوە".
ئهو جووتیاره گوتیشی: "داری بنێشت جگە لەوەی سوود لە بنێشتەكەی وەردەگیرێت، بەرەكەیشی کە پێی دەگوترێت قەزاوان یەكێكە لە سەرچاوەكانی داهات و بە دوو شێوە سوودی لێ دەبینرێت. قەزوانەكە بە فەریكەیی لێ دەكرێتەوە و بۆ ناو دۆ و ترشیات و قاوە و چەندین جۆری تر لە خواردەمەنی بەكار دەهێنرێت و لە ڕووی تەندروستیشەوە بۆ نەخۆشییەكانی گەدە و كۆڵۆن و ڕیخۆڵەكان زۆر بەسوودە و تامی دەم خۆش دەكات، كاتێكیش كە پێدەگات، كە جۆری دووەمە و پێی دەگوترێت قەزوان، ئەویش دوو جۆرە، سەوز و شین، قەزوانی شین بەناوبانگترە و سەرچاوەیەكی باشە بۆ داهات و لە هەمان كاتدا بۆ دروستكردنی تەسبحیش بەكار دەهێنرێت".
ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، قەزوان بە یەكێك لە چەرەسە خۆشەكان ناو دەبرێت و پێی دەگوترێت قەزوان تەقاندن و بەكار دێت بۆ ناو خواردنە شلەمەنییەكان، هەرچەندە ماندووبوونی زۆرە و بەرهەمهێنانی لە ناوچە سەختەكانە، بەڵام چێژێكی تایبەتی هەیە.
سەبارەرت بە سوودەكانی خودی دارەبەن یان داری بنێشت ئهو جووتیاره زۆر زانیاریی گرنگی خستە ڕوو و گوتی: ”وەك دارەكەی بنێشتی لێ بەرهەم دێت و بە دەیان تەنی لێ دەخرێتە بازاڕەكانەوە، لە كاتی پیربوونیشیدا دارەكە بۆ خەڵوز سوودی لێ دەبینرێت، كە یەكێكە لە باشترین جۆری خەڵووزەكان، ههروهها لانكەیەكی زۆر باشی شانهی هەنگە بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین، دیمەنێكی جوانیش بە سروشتی ناوچەكە دەبەخشێ و كەژ و كێوەكان لەكاتی لافاو و بارانی بەخوڕدا لە داخوران دەپارێزێت“.
ئەو گوندنشینه نیگەرانییەكانی خۆی دهربڕی سەبارەت بە سروشتی ناوچەكە لەو كارەساتە سروشتییانە یان دەستە ئەنقەستانەی بۆردومانی بهردهوامی فڕۆكه جهنگییهكان كە دەبنە هۆی سووتانیان و گوتی: "زۆر بەداخەوە ئەم بەرهەمە جوانەمان هەیە كە بژێویی چەندین خێزانی لەسەرە و سەرچاوەیەكی باشی گەرمكردنی بازاڕە، بەڵام زۆر جار بەدەستی ئەنقەست كەژ و كێوەكان دەسووتێنرێن و لەناو دهچن، بۆیە ساڵانە بە ملیۆنەها دینار زیان بەر ئەم ناچە سروشتییانە دەكەوێت“.
bas news -
