مەنسوور بارزانی: پێشمەرگە دەنگ بەوانە دەدا کە بەرگرییان لە کوردستان کرد

 مەنسوور بارزانی: پێشمەرگە دەنگ بەوانە دەدا کە بەرگرییان لە کوردستان کرد
فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەشداریی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی کرد و رایگەیاند، پێشمەرگە دەنگ بەو لایەنە دەدات، کە بەرگریی لە خاکی کوردستان کردووە.

رۆژی پێنجشەممە 10/5/2018 مەنسوور بارزانی، فەرماندەی هەردوو لەشکری تایبەت و گوڵان لە شاری زاخۆ بەشداریی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی کرد و دەنگی دا.

لە کاتژمێر 7ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممەوە دەندگانی تایبەت لە 492 بنکەی دەنگدانی تایبەت لە هەموو شار و ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تا کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

دوای دەنگدان، مەنسوور بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، داوای لە هاووڵاتییان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، کە رۆڵێکی کاریگەری لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش گێڕاوە، هیوای خواست لایەنە کوردستانییەکان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە بەغداوە کار بۆ ئەو مافانەی هەرێمی کوردستان بکەن، کە هێشتا بەدەست نەهاتوون.

مەنسوور بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی وەک چۆن پێشمەرگە خوێنی خۆی بۆ کوردستان رشتووە، داوای کرد ئەمڕۆش بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو کەسە بدەن، کە متمانەیان پێی ھەیە.

فەرماندەی لەشکری تایبەت و گوڵان جەختی لەوە کردەوە، کە پێشمەرگە ئازادە دەنگ بە کام لایەن دەدات و دەشزانێ کام لایەن بەرگریی لە خاکی کوردستان کردووە.

بڕیارە رۆژی 12/5/2018 هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە شارەکانی ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.










باسنيوز
Top