نەشتەرگەریی غودەی كرد، دەنگی لەسەر دانا
سەردار عەلی، تەمەن 48 ساڵ، دانیشتووی شاری هەولێر، خێزاندارە و باوكی پێنج منداڵە، نزیكەی دوو ساڵە توانای قسەكردنی نەماوە. هاوژینەكەی دەڵێت بەهۆی نەشتەرگەییەك وای بەسەرهاتووە.
هاوژینی سەردار كە بەدیار سەرییەوە دانیشتووە، بە (رووداو)ی گوت "مێردەكەم كێشەی غودەی هەبوو. بردمان بۆ لای پزیشكێك، پشكنینی بۆ كرد و گوتی پێویستی بە نەشتەرگەرییە، سەردار رازی بوو نەشتەرگەرییەكەی بۆ بكرێ".
وەك هاوژینەكەی باسی دەكات، سەردار رۆژی 21/12/2016 دەچێتە ژووری نەشتەرگەری. دوای نەشتەرگەرییەكە، پزیشكەكە بە كەسوكارەكەی دەڵێت سەردار هەفتەیەكی دیكە چاك دەبێتەوە، بەڵام نەك چاك نەبووەوە، بەڵكو ئەوە ساڵێك و پێنج مانگە توانای قسەكردنیشی نەماوە.
هاوژینی سەردار گوتی: "دوای ئەوەی سەردار لە نەشتەرگەرییەكەی هاتە دەرەوە، پزیشكەكەی پێیگوت دوای هەفتەیەك دەتوانی قسە بكەی، بەڵام مانگێك زیاتر تێپەڕی و نەیتوانی قسە بكات، باری تەندروستی زۆر خراپ بوو، هەناسەی توند دەبوو، رەنگی زەرد دەبوو، نەیدەتوانی هیچ شتێك بخوات".
پێشتر سەردار پاسەوان بووە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەكەی ماوەی ساڵ و نیوێكە مۆڵەتی وەرگرتووە. هاوژینەكەی گوتی: "باری ئابووریمان زۆر خراپە، ناتوانین پێداویستییەكانی منداڵەكانمان دابین بكەین".
عەزیمە كە دایكی سەردارە، باسی رەوشی كوڕەكەی دەكات و دەڵێت: "سەردارمان بردەوە لای پزیشكەكەی. پێیگوتین كوڕەكەتان جگەرەی كێشاوە، بۆیە چاك نەبووەتەوە، بەڵام كوڕەكەی من جگەرەكێش نییە، هەفتەی پێنج رۆژ ئێمە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنین".
دوای ئەو نەشتەرگەرییە، سەردار پێنج پزیشكی دیكەی بینیوە، بەڵام نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن.
رزگاری عەلی كە برای سەردارە بە (رووداو)ی گوت: "شەوێك كاژێر سێی شەو براژنەكەم پەیوەندی پێوەكردم و گوتی سەردار هیچ هەناسە نادات، دڵی لە لێدان كەوتووە، بەپەلە گەیاندمانە نەخۆشخانەی رزگاری، پزیشكەكان پێیانگوتین دوو دەماری قوڕگیان بڕیوە و دوو دەماریشی شەلەل بوون، پێویستە بە زووترین كات بیبەنە توركیا و لەوێ نەشتەرگەری بۆ بكەن، ئەگەرنا نەخۆشەكەتان دەمرێت.
نەخۆشكەوتنی سەردار، كەسوكارەكەی خستووەتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە، رزگار گوتی: "10 هەزار دۆلارمان لە خزمان و دۆستان قەرز كرد و بردمان بۆ توركیا، لەوێ لێزەریان لە قوڕگی دا، پاش دوو مانگی دیكە دەبێ دووبارە بیبەینەوە توركیا".
كەسوكاری سەردار ئەو پزیشكە بەهۆكاری لە قسەكەوتنی سەردار دەزانن كە نەشتەرگەرییەكەی بۆ كردووە، بۆیە لە پۆلیس سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووە و ئێستا دۆسیەكەیان لە دادگایە. ئەوان دەڵێن ئەگەر پزیشكەكە دانی بە هەڵەكەیدا نابا، ئەوا لێی خۆشدەبوون. بەڵام ئەو نەك هەر ئەوەی نەكردووە، بەڵكو بێمنەتی كردوون و پێیگوتوون بڕۆن سكاڵا تۆمار بكەن.
دكتۆر (ب) كە نەشتەرگەرییەكەی بۆ سەردار كردووە، بە (رووداو)ی گوت: "من دوو ساڵ پێش ئێستا نەشتەرگەریم بۆ ئەو نەخۆشە كردووە و نەشتەرگەرییەكەش سەركەوتوو بووە و هیچ كێشەی نەبووە، كەچی ئەوان ئێستا هاتوون سكاڵایان لەسەر من تۆمار كردووە. من هیچ ناڵێم، دەبێت لێژنەی زانستی بڕیار بدات ، ئایا من هەڵەم كردووە یان نا ، ئەوكاتیش من قسەی خۆم دەبێ".
هەر لەوبارەوە دكتۆر خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە (رووداو)ی گوت "لەو حاڵەتانە كاتێك خانەوادەی نەخۆشەكە سكاڵا تۆمار دەكەن، ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی لێژنەیەك پێكدێنین كە نوێنەری داواكاری گشتیشی تێدا دەبێت، لەگەڵ كەسێكی شارەزا لەو بوارە بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە، ئەگەر دەركەوت پزیشكەكە هەڵەیە، سزای دەدەین".
ئێستا هاوژین و منداڵ و كەسوكاری سەردار چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەن كە ئایا سەردار بەهۆی هەڵەی پزیشكییەوە وای بەسەرهاتووە، یان تووشی نەخۆشیی دیكە بووە.
rudaw -
