مەسروور بارزانی: سەرۆك بارزانی 56 ساڵە پێشمەرگەیە
لەبارەی تەمەنی پێشمەرگایەتی سەرۆك بارزانییەوە، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كوردستان ئەوەی وەبیر خەڵكی كوردستان هێنایەوە كە "11 ڕۆژی تر، تەمەنی پێشمەرگایەتی سەرۆك دەبێتە 56 ساڵ، 56 ساڵە سەرۆكی ئێمە پێشمەرگەیە، 56 ساڵە سەرۆك بارزانی بەرگری لە مافی نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستان دەكات، 56 ساڵە سەرۆك بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەدا دەژی و لە بەرەكانی شەڕدا ئامادە دەبێ، ئەوەی ئەمڕۆ داوای دەنگی ئێوە دەكات، با بتوانێ تەنها 56 رۆژ بچێتە بەرەكانی پێشمەرگە".
مەسروور بارزانی گوتی ئەوەی ئاگر و ئاسنی نەدیتبێ، ئەمڕۆ حەق نیە داوای دەنگی ئێوە بكات، شایەنی دەنگی ئێوە نیە. ئەوانەی وەختی خۆشی و دەستكەوتەكان دێن و بەڵێن دەدەن و قسەی خۆش دەكەن، بەڵام لە كاتی تەنگانەدا، لەو كاتەی شەڕ دێتە سەر كوردستان و دوژمن پەلاماری كوردستان دەدەن، كەس نازانێ لە كوێن، بۆ ئەو رۆژانە نەدەهاتن پێتان بڵێن لەگەڵ ئێوەدان؟
سەرۆك مەسعوود مستەفا بارزانی كە لە 16/8/1946 لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، پاش نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان، ساڵی 1947 لهگهڵ ماڵباتهكهی و گشت باشوورییهكانی كۆماری مهاباد گەڕایەوە باشووری كوردستان. سەرۆك له ڕۆژی 11/9/1961دا بەهۆی هێرشی سوپای عێراق بۆ سهر باشووری كوردستان، ناچار بوو خوێندن بهجێ بهێڵێت، ڕۆژی 20ی ئایاری 1962 پێش تەواوكردنی 15 ساڵ تەمەن، پهیوهندی به ڕیزهكانی هێزی پێشمهرگهی كوردستانەوه كردووە، ئینجا لە ساڵی 1967دا بووەتە ئەندامی پارتی، لە ساڵی 1970دا بەشداری لە دانوستاندنەکانی نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و حکومەتی عێراق كردووە، لە کاتی خوێندنەوەی بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970دا، سەرۆك مەسعوود بارزانی لە پاڵ سەرکردەکانی پارتی لە بەغدا وەستاوە.
سەرۆك بارزانی لە 1976دا تاوەکو 1979 هاوسەفەری نەمر مستەفا بارزانی بووە لە ئەمریکا، لە 1-8-1979دا لە ھەوڵێکی تیرۆركردن لەلایەن دەزگای سیخوڕی عێراق لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا رزگاری بوو، لەو كاتەدا سەرۆك بۆ ڕیكخستنی كاروباری پارتی و ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ نووسینگەی ئیمام خومەینی سەردانی ئەورووپای كردبوو. هەر لەم ساڵەدا و له كۆنگرهی نۆیهمی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بە سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا.
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سەرۆك بارزانی لە چوارچێوەی رێکخستنەوە و بەردەوامیدان بە خەبات و تێکۆشانی ناوخۆ، چەندین جار لەگەڵ پێشمەرگەدا سەردانی ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستانی كردووە.
سەرۆك بارزانی ساڵی 1986 یهكهمین كتێبی خۆی له بواری خهباتی بارزانی و مێژووی پارتیدا، بەناونیشانی بارزانی و بزووتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد له سێ بهرگدا و به زمانی عهرهبی چاپ و بڵاوكردەوە، ئەم كتێبە بۆ سهر زمانی كوردی به ههردوو دیالێكتی كرمانجی سهروو و كرمانجی ناوهڕاست، هەروەها زمانەكانی توركی و فارسی و ئینگلیزی وهرگێڕدراوه.
سەرۆك بارزانی لە ساڵی 1988دا فهرماندهیی گشتیی داستانی خواكوڕكی كردووه. له ڕاپهڕینی ساڵی 1991یشدا، ڕابهری مەیدانی بهرهی كوردستانی بووه و پلانی دهرپهڕاندنی هێزهكانی عێراقی له باشووری كوردستان داناوه. لە 7ی نیسانی 1991دا لە دەربەندی كۆڕێ سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، كە تێیدا پێشمەرگە داستانێكی مەزن و مێژوویی تۆمار كرد و هێرشی هێزەكانی بەعسی لە كۆڕێ تێكشكاند، داستانی كۆڕێ وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە خەباتی بەرخودان و ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان.
لە نەورۆزی ساڵی 1991دا له شارۆچكهی كۆیهوه، داوای ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نیشتمانیی كوردستان و دامهزراندنی حكومهتی كوردستانی كرد. له یهكهمین ههڵبژاردنی كوردستاندا له ساڵی 1992، خۆی بۆ ڕێبهرایهتی هەڵبژارد و دهنگی یهكهمی بهدهست هێنا.
سەرۆك بارزانی دوای دەرکردنی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە 12ی حوزەیرانی 2005دا وەکو یەکەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان ھەڵبژێردرا و سوێندی یاسایی خوارد.
سەرۆك بارزانی حەفت جار وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆشکی سپیی ئەمریكا پێشوازی لێکراوە، یەکەم جار لە 25-10-2005دا لەلایەن جۆرج دەبڵیو بوش سەرۆکی ئەمریکا، بارزانی لە كۆشكی سپی بەجلوبەرگی کوردی پێشوازی لێ كرا.
لە دوای هاوینی 2014شەوە، كە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرشی كردە سەر كوردستان، سەرۆك بارزانی بەردەوام لە بەرەكانی جەنگدا بووە شان بەشانی پێشمەرگە، لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی داعشدا، دەیان جار سەرۆك لە بەرەكانی جەنگدا پێشوازی لە شاندە بیانییەكان و بەرپرسانی باڵای جیهان كردووە، سەرۆك بارزانی بەتایبەتیش ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕی ڕزگاركردنەوەی شنگالی لە دەست ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كرد.
سەرۆك بارزانی ڕۆژی 25-9-2017 ڕێبەرایەتی گەلی كوردستانی كرد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و كورد بەڕێژەی 92,7% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا.
bas news -
