كاندیدانی پارتی: شەڕ بۆ مافە دەستوورییەکانی خەڵكی كوردستان دەكەین

 كاندیدانی پارتی: شەڕ بۆ مافە دەستوورییەکانی خەڵكی كوردستان دەكەین
كاندیدانی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەولێر، بەڵێن دەدەن، لە خوولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەرنامە گشتگیرەکەی پارتی بە كردەوە جێبەجێ بكەن، جەختیش دەکەنەوە، وەكو پێشمەرگەیەك شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵكی كوردستان دەكەن.

ئازاد حمدامین شێخ یونس، كاندیدی ژمارە 18 لە سنووری پارێزگای هەولێر دیار كرد، بەرنامەی من بەشێكە لە بەرنامەی پارتی، لە میانەی پسپۆڕیی خۆم، وەكو چالاكوانێك و میدیاكارێك هەوڵ دەدەم لە بابەتی پەیوەندی و میدیادا كار بكەم، كە لەو بوارانە شارەزاییەكی زۆرم هەیە، هەروەها تەئكید لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەمەوە و ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت بكەم.

محەمەد مستەفا احمد حاجی، كاندیدی ژمارە 21ی لیستی 184ی پارتی گوتی: "بە پێی ئەو پسپۆرییەی كە هەمە، لە بواری ژمێریاریی و داراییدا، هەوڵ دەدەم كە بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كە بە ناحەق لێمان زەوت كراوە، یان كەم كراوەتەوە، بتوانم بگەڕێنمەوە، مافی فەرمانبەران، مافی پێشمەرگە، مافی جووتیاران هەموو ئەوانە بتوانم وەكو خۆی لێ بكەمەوە، چونكە ئەوە مافی خەڵكی كوردستانە، بۆیە وەكو پێشمەرگەیەك لە ئەنجوومەنی نوێنەران شەڕ لەسەر گەڕانەوەی ئەو مافە سەرەتاییانە دەكەم".

غازی حسن محی الدین حسین، كاندیدی ژمارە 23 گوتی: "پابەند دەبم بە جێبەجێكردنی بەرنامەی پارتی، كە بەرنامەیەكی گشتگیرە و بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە، بۆ هەموو پێكهاتەكانە، هەوڵ دەدەین ئەو ماددانەی كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە لەناو دەستوور جێبەجێ بكەین، هەروەها هەوڵ دەدەم سیستەمی كۆنفیدڕاڵی كە باشترین چارەسەرە بۆ هەرێمی كوردستان، بەرنامەی بۆ دابڕێژین، بۆیە من هەوڵ دەدەم نوێنەری هەموو خەڵكی كوردستان بم، چونكە پارتی نوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان دەكات.. هەوڵ دەدەین كوردستان لەو قۆناغە بەرەو پێشتر بچێت نەك دواوە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دەدەین هەموومان یەك بین و بەیەكەوە كوردستان بوەستینەوە".

سلام رشید صادق سعید، كاندیدی ژمارە 28 دەڵێ: "كار بۆ زیادكردنی بوودجەی كوردستان دەكەین و دەمانەوێت رێژەی بوودجەی كوردستان بۆ 17% بگەڕێنینەوە، هەروەها كار بۆ دابینكردنی مافە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە و جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییەكان دەكەم، بەتایبەتی ماددەی 140، لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دەدەم ئەوەی باش بێت و دەستكەوت بێ بۆ خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنین، ئەوەش بە یەكڕیزی بە دەست دێت، بۆیە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی لیستە كوردستانییەكان یەكڕیز بن و پێكەوە بەرگری لە دەستكەوتەكان بكەین و دەستكەوتی زیاتریش بۆ كوردستان بەدەست بهێنین".










KDP
Top