عەلی حوسێن: پارتی سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكات

 عەلی حوسێن: پارتی سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكات
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی، ڕایدەگەیێنێت، پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا، جگە لەوەی دەبێتە یەكەم، دەنگێكی بەرچاو بە دەست دێنێت و سەركەوتنی گەورەیش تۆمار دەكات.

بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی، عەلی حوسێن، گوتی: "بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و، ئێمەیش سوپاسی دەزگا ئەمنییەكان دەكەین كە هەوڵیان داوە هەموو لایەك بپارێزن و خۆشبەختانە ئەوەی ئێمە دەیبینین هەموو لایەك بەئازادانە گوزارشت لە خۆیان دەكەن، بەڵام هەندێك جار، هەندێك لایەن خۆیان رێكلامەكانی خۆیان تێك دەدەن بۆ ئەوەی خەڵكی دیكە تۆمەتبار بكەن، بە شێوەیەكی گشتییش بانگەشە باش بەڕێوە دەچێت".

عەلی حوسێن گوتیشی: "جگە لەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێتە لیستی یەكەم، دەنگێكی بەرچاویش بەدەست دێنێت و ئەم جارە كورسیی زیاتر دەهێنێت، بۆیە سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكەین، چونكە خەڵكی كوردستان دەزانن پارتی بەرگری لە مافی كورد كردووە و پارێزگاریی لە شكۆی كوردی كردووە، بەهێزبوونی پارتییش، بەهێزبوونی كوردستان و پاراستنی قەوارەی كوردستانە، ئەمە وای كردووە پارتی پشتئەستوور بێت كە زۆرترین دەنگ و كورسی بەدەست دێنێت".

بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانیەكانی پارتی، ڕوونیشی كردەوە: "تەنیا لە كەركووك نەبێت كە بەشداریمان نەكردووە بە هۆی ئەوەی ئەو شارە داگیر كراوە و نەمانتوانیوە ئاڵای كوردستان بەرز بكەینەوە، ئەگەر نا لە ناوچەكانی دیكەی كوردستانیش دەنگی باش بە دەست دێنن و، دەنگەكانیشمان زیاد دەكەن".

عەلی حوسێن، گوتیشی: "دوای هەڵبژاردن، هەوڵ دەدەین لە بەغدا یەكڕیزی دروست بكەین و هەوڵیش بدەین هاوپەیمانەتییەكی كوردی دروست كەین، با لێرە كێشەیش هەبێت، گرنگە لە بەغدا یەكدەنگ بین و لە بەغدایش لەگەڵ ئەو لایەنەدا گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەكەین، كە بڕوای بە دەستوور هەیە و ئەوەی ئامادەیی بۆ چارەكردنی كێشەكان هەبێت لەگەڵ بەغدادا، بەڵام ئەوەی گرینگە، ناو ماڵی خۆمان رێك بخەین و هاوپەیمانەتییەكی بەهێز دروست بكەین".










باسنیوز
Top