وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی ڕۆژی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند
رۆژی چوارشەممە ٩/٥/٢٠١٨، کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفڕانسێکدا رایگەیاند، پلانێکی ئەمنی بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان و پرۆسەی ھەڵبژاردن دانراوە و داواشیان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش کردووە پارەی پێویست بۆ ھێزە ئەمنییەکان تەرخان بکات.
کەریم شنگالی داوای لە ھاووڵاتییان و کارمەندانی ھێزە ئەمنییەکان کرد بچنە بنکەکانی کۆمسیۆن و کارتی دەنگدانی خۆیان وەربگرنەوە و بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن، کە مافێکی خۆیانە و ئازادیشن دەنگ بە کێ و کام لایەن دەدەن.
وەزیری ناوخۆ ئاماژە بەوە کرد، کە رۆژی ١٢/٥/٢٠١٨ ھاتوچۆ لەناو شارەکانی ھەرێمی کوردستان ئاساییە بەڵام ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکاندا قەدەغە دەکرێت و ئاوارەکانیش بنکەی تایبەتیان بۆ دیاری کراوە.
کەریم شنگالی ھەروەھا رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممە ١٠/٥/٢٠١٨ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوە دەچێت و تەنیا بۆ کارمەندانی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانە و نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگ دەدەن.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە تەنیا پاراستنی سندووق و بنکەکانی دەنگدان لە ئەستۆی ئەوانە و چۆنێتیی گواستنەوەکە سندووقەکان کاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانە.
ھەروەھا مازن عەبدولقادر، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا رایگەیاند، ژمارەیەک بنکە بۆ دەنگدانی رۆژنامەنووسان دیاری کراوە و ”دەتوانن لە ماڵپەڕی کۆمسیۆن ناوی بنکەکان بدۆزنەوە“.
مازن عەبدولقادر بە ئاماژەکردن بەوەی پلانی ئەمنیی پێویست بە شێوەیەکی باش ئامادە کراوە، رایگەیاند، ”ھەموو داواکارییەکانی لێژنەی باڵای ئەمنیی ھەرێمی کوردستانمان بۆ بەغدا بەرز کردووەتەوە و چاوەڕێی بڕیاردانین لەسەر ئەو پارەیەی بۆ ھێزە ئەمنییەکان پێویستە بۆ ئەم ئەرکە“.
لەبارەی بنکەی تایبەتی دەنگدان VIP، ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن رایگەیاند، لە ھەولێر بنکەیەکی تایبەت کراوەتەوە، ئەفسەران لە سەرووی پلەی عەقیدوە و لە بەڕێوەبەری گشتیشەوە دەتوانن لەو بنکە تایبەتە دەنگ بدەن.
باسنيوز
