زانیاری لەبارەی پڕۆژی دانەوەی سولفەکانەوە دەخرێتەڕوو
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەبارەی پرۆژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و دانەوەی قەرزی حکوومەت و هاووڵاتی،: ”ئەو پڕۆژەی پاشەکەوت و قەرزە پێشنیاری ئێمە بوو و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانمانیشمان کرد، بەلام دواتر ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک و سلێمانیش هاتنە پاڵمان، پرۆژەکەش تێرو تەسەلە و لەلایەن هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە ئامادە کرا و درایە ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش گفتوگۆی لەسەر کراوە“.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ئەوەشی خستە روو، کە پڕۆژەکە بچووک نییە، چونکە پاشەکەوت و قەرزەکە دوو سەرەیە، هەم هاووڵاتی قەرزی لای حکوومەتە و هەم بە پێچەوانەشەوە، بۆیە ئەو پرۆژەیەی دانرا حکوومەت دیراسەی لەسەر کرد، بەلام دواتر بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە حکوومەت نەیتوانی گفتوگۆی تەواو و ئیلتیزامی پێوە بکاتن، بەڵام ئێستا لەو قۆناغە کە وردە وردە دۆخی دارایی باشتر دەبێ، حکوومەت و خەڵکیش دۆخیان باشتر دەبێ و ئەو سولفانەی خەڵک وەریگرتووە وەک سولفەی هاوسەرگیری، سولفەی عەقار و سولفەی کشتوکاڵ، پێویستە ئەوانە بگەڕێنرێنەوە بانکەکانی حکوومەت، بەڵام بەو ڕێنمایانەی کە وەزارەتی دارایی دیاری کردووە.
ئاشکراشی کرد، کە لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی داراییدا خەڵک ئەو پابەندییەی پێ نەکرا و حکوومەت تاڕادەیەک چاوپۆشییەکی لێ کرد و فشاری نەخستە سەر هاووڵاتییان، بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکە باشتر دەبێت.
bas news -
