زانیاری لەبارەی پڕۆژی دانەوەی سولفەکانەوە دەخرێتەڕوو

زانیاری لەبارەی پڕۆژی دانەوەی سولفەکانەوە دەخرێتەڕوو
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ئاماژە بەوە دەدات، کە لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی حکوومەتدا دۆخی دارایی هاووڵاتییانیش باشتر دەبێت، بۆیە پێویستە ئەو قەرزانە بۆ بانکەکان بگەڕێنرێنەوە.



کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەبارەی پرۆژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و دانەوەی قەرزی حکوومەت و هاووڵاتی،: ”ئەو پڕۆژەی پاشەکەوت و قەرزە پێشنیاری ئێمە بوو و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانمانیشمان کرد، بەلام دواتر ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک و سلێمانیش هاتنە پاڵمان، پرۆژەکەش تێرو تەسەلە و لەلایەن هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە ئامادە کرا و درایە ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش گفتوگۆی لەسەر کراوە“.


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ئەوەشی خستە روو، کە پڕۆژەکە بچووک نییە، چونکە پاشەکەوت و قەرزەکە دوو سەرەیە، هەم هاووڵاتی قەرزی لای حکوومەتە و هەم بە پێچەوانەشەوە، بۆیە ئەو پرۆژەیەی دانرا حکوومەت دیراسەی لەسەر کرد، بەلام دواتر بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە حکوومەت نەیتوانی گفتوگۆی تەواو و ئیلتیزامی پێوە بکاتن، بەڵام ئێستا لەو قۆناغە کە وردە وردە دۆخی دارایی باشتر دەبێ، حکوومەت و خەڵکیش دۆخیان باشتر دەبێ و ئەو سولفانەی خەڵک وەریگرتووە وەک سولفەی هاوسەرگیری، سولفەی عەقار و سولفەی کشتوکاڵ، پێویستە ئەوانە بگەڕێنرێنەوە بانکەکانی حکوومەت، بەڵام بەو ڕێنمایانەی کە وەزارەتی دارایی دیاری کردووە.



ئاشکراشی کرد، کە لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی داراییدا خەڵک ئەو پابەندییەی پێ نەکرا و حکوومەت تاڕادەیەک چاوپۆشییەکی لێ کرد و فشاری نەخستە سەر هاووڵاتییان، بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکە باشتر دەبێت.

bas news -
Top