بارودۆخی ئەمنیی خورماتوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەبار نییە

بارودۆخی ئەمنیی خورماتوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەبار نییە


بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕای دەگەیەنێت، بارودۆخی ئەمنی شاری خورماتوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە بار نییە.



فارووق نامیق، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ئەمڕۆ سێشەممە 8/5/2018، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بارودۆخی ئەمنی خورماتوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لەبار نییە و لەو بارودۆخەی كە ئێستا حەشدی شەعبی شارەكەی داگیر كردووە، باشتربوو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە بڕیاریان بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنەیان بدایە".



ئەوەشی نەشاردەوە كە بەرپرسانی كۆمیسونی باڵای هەڵبژاردنەكان لە خورماتوو سەر بە حەشدی شەعبین و گوتی: "ئەوان لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدان و ئەوەی كە بیانەوێت بۆ تەزویركردن دەتوانن بیكەن، بۆیە لە هەموو ڕوویەكەوە كورد زیانمەند دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لە شاری خورماتوو".



بەپێی زانیارییەكان پێش 16ی ئۆكتۆبەر كوردێك بەڕێوەبەری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بووە لە خورماتوو، بەڵام ئێستا كەسێكی توركمانی شیعەی سەر بە حەشدی شەعبی له‌ شوێنه‌كه‌ی دانراوه‌.



هەر بەپێی زانیارییەكانی لە خورماتوو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە یەك كاندید لەگەڵ لیستی پارێزگاری سەڵاحەدین كە لیستێكی عەرەبی سوننەیە هاوپەیمانیان كردووە و هەرچی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووشە بە كاندید لە گەڵ لیستەكەی عەبادی هاوپەیمانیان كردووە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێیان وایە كە خورماتوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیركراوە، بۆیە بایكۆتی هەڵبژاردنیان لە خورماتوو كردووە.
bas news-
Top