ترەمپ کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران راگەیاند
ترەمپ گوتی "رێککەوتنەکە ئاشتی نەهێنایەئاراوە و رێگری لە ئێرانیش ناکات دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات. دوای لابردنی سزاکان ئێران بەردەوامبوو لەسەر پشتگیریی گرووپە تیرۆریستییەکان.
رێککەوتنەکە رژێمی ئێرانی پاراستووە و لە پشت ئەو رێککەوتنەوە کەرتی سەربازیی گەشەپێداوە، هەروەها مووشەکی بالیستی گەشەپێداوە".
دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند "ئێران هیچ کات نایەوێ دەستبەرداری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم بێت. رێککەوتنەکەش لاوازە و رێگری لە ئێران ناکات دەستی بەو جۆرە چەکە ناگات".
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەڵێنی ئێرانییەکان لە رێککەوتنی ئەتۆمی درۆ بوو و بووە هۆی ئەوەی رژێمێکی خوێنڕێز بە ئارامی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات. بۆیە ئەگەر من رێگە بەبەردەوامیی ئەو رێککەوتنە بدەم، رێگە بۆ رکابەریی ئەتۆمی لە ناوچەکە دەکرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاند: "ئەمریکا سەرجەم ئەو سزایانە بەسەر ئێران دەسەپێنێتەوە کە لە ئەنجامی رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵیگرتبوون، رێککەوتنی ئەتۆمی رێگەی بە ئێراندا پەرە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات".
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی سزاکانی سەر ئێران وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە گوتی: "پێویستە هەڵسوکەوتە پیسەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رابگرین".
رووداو
