بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو: جموجۆڵی داعش لە سنووری خورماتوو زیادی كردووە

 بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو: جموجۆڵی داعش لە سنووری خورماتوو زیادی كردووە
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕای دەگەیەنێت، جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری خورماتوو زیادی كردووە و بەو هۆیەوە مەترسی لەسەر ناوچەكە هەیە.


فارووق نامیق، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ئەمڕۆ سێشەممە 8/5/2018، ڕایگەیاند: "جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری شاری خورماتوو، بەتایبەت گوندە عەرەب‌نشینەكان زیادیان كردووە، ئەمەش مەترسیی خستووەتە سەر ناوچەكە بە گشتی، چونكە ئەو تیرۆریستانە بە ئارەزووی خۆیان لە زنجیرە چیای حەمرینەوە خۆیان دەگەیەننە سنووری خورماتوو".


ئەوەشی خستە ڕوو: "دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو پێشمەرگە لە سنووری خورماتوو كشایەوە و شارەكە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كرا، ئیتر جموجۆڵی داعش زیادی كردووە، بەتایبەت لەم ماوەیەی رابردوودا، ئەمەش نەك هەر لە خورماتوو، بەڵكوو لە گوندە كوردنشینەكانی سنووری شارۆچكەی داقووقیش داعش خۆیان دەگەیەننە ئەو گوندانە".


بەپێی زانیارییەكان تیرۆریستانی داعش زیاتر لە شەواندا هاتوچۆی گوندەكانی "حلێوەی سەروو و حلێوەی خواروو، پیر ئەحمەد و مەفتول" و چەندین گوندی عەرەب نشینی دیكەی سنووری خورماتوو دەكەن و زۆر جار هێرش دەكەنە سەر مۆڵگەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی".



پاش داگیرکردنی کەرکووک و خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بە هاوکاریی گرووپی خەیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، هیچ ئاسایش و ئەمنیەتێک لەو ناوچانە نەماوە و کوشتن، جیا لە ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی کورد، تەقینەوە و ڕفاندن و تەقاندنەوە ماڵی هاووڵاتیان کورد ڕوویان لە زیادبوون کرد.








باسنیوز
Top