بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر داوا لە ڕابوون مەعرووف دەکا سکاڵا تۆمار بکات

 بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر داوا لە ڕابوون مەعرووف دەکا سکاڵا تۆمار بکات
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر داوای لەو کاندیدە کرد کە وێنەکانی دوای لێدانی بڵاو کردووەتەوە، سکاڵا تۆمار بکات و ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەشێک لەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر، لە وێنەکاندا دەرکەوتوون.

پاش ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 7/5/2018، چەند وێنەیەک بڵاوکرایەوە کە دەردەکەوێت پەلاماری ڕابوون مەعرووف، پەرلەمانتار و کاندید دراوە، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، پێویست بوو و دەبووایە ڕابوون مەعرووف بێتە پۆلیس و داوا تۆمار بکات، بۆ ئەوەی بزانین گومان لە کێ دەکات، ”تاوەکوو ڕێوشوێنی یاسایی بگرینە بەر بەرامبەر ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر“.


ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”بەشێک لەوانەی تاوانبارن، لە وێنەکاندا دەرکەوتوون. ئەگەر بێ و سکاڵا تۆمار بکات، ئەو شتانەی لامان هەیە، نیشانی دەدەین و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر“.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ”ئەو وێنانەی نیشانی دەدەن، زۆرتر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار دەهێندرێت نەک وەرگرتنی ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو پەلامارە“.







باسنیوز
Top