كاندیدانی پارتی لە دیالە: كار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكەین
كازم پیرۆلی، كاندیدی ژمارە 1ی لیستی 184ی پارتی لە سنووری پارێزگای دیالە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەك پارتی بەرنامەی خۆمان هەیە، كە بەرنامەمان خزمەتكردنی خەڵكی خۆمان و گەیاندنی كێشە نەتەوەییەكانمان و جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییەكان و ماددەی 140 دەبێت".
عامر ڕەفعەتیش كە كاندیدی ژمارە 2ی لیستی 184ی پارتییە گوتی: "ئەو مافە دەستوورییانەی لە دەستووری عێراقدا ئاماژەیان پێ كراوە، كاریان لەسەر دەكەین، هەروەها كار بۆ خزمەتكردنی سنوورەكەم دەكەم و، ماددەی 140یش دەبێ جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی ناوچەكانی ئێمە، كە كوردستانین، بگەڕێنەوە سەر هەرێم و زیانلێكەوتوانی دەستی ڕژیمی پێشووش قەرەبوو بكرێنەوە".
نزار محەممەد، كاندیدی ژمارە 3ی لیستی 184ی پارتی دەڵێ: "كار و بەرنامەمان جێبەجێكردنی بەرنامەی پارتیمانە، كە نەتەوەییە و زامنی ئازادی و مافە دەستووری و داراییەكانی كوردستانە و، دەمانەوێت قەیرانی كوردستان چارە ببێت و چی تر وەكوو كارتی گوشار لە دژمان بەكار نەیەت".
تریفە جاسم، كاندیدی ژمارە 4 ڕایگەیاند: "كار دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و مافی ئافرەت و گەڕاندنەوەی زەوییە زەوتكراوەكانی ناوچەكەمان بۆ خاوەنی ڕەسەنی خۆیان و، بەرگری لە پێشمەرگە و نیشتیمانەكەی خۆم دەكەم ".
kdp-
