نێچیرڤان بارزانی: ململانێی پارتی، بۆ سه‌رخستنی دۆزی کورده‌

 	 نێچیرڤان بارزانی: ململانێی پارتی، بۆ سه‌رخستنی دۆزی کورده‌
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە گوتاریدا بۆ گەنجان و لاوان رایگەیاند، کە له‌ پێناو سه‌رخستنی دۆزی كورد، پارتی گرەوەی کردووە و دەبێ هەر سەرکەوین. گوتیشی جارێکی دیکە ئاوەدانی لە کوردستان دەست پێدەکەنەوە.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتاریدا لەنێو گەنجان و لاوانی کوردستان رۆشنایی خستەسەر رۆڵی لاوان لە مێژووی پارتیدا و، دڵنیای کردنەوە کە پاڵپشتیی ئێوەی گەنج و لاوان بۆ پارتی ئاسۆییەکی گەشتر بۆ کوردستان بەدێ دێنێ.

جێگری سەرۆکی پارتی باسی لەوە کرد کە پارتی ئەو شەرەفەی هەبوو لە پێشەوەی بەرگریکردن لە کوردستان بێ، بۆیە پێکەوە دەچینە سەر سندووقی دەنگدان بۆ سەرکەوتنی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی بۆ گەنجان و لاوان راشیگەیاند، کە ئێوە ئەو راستییەتان لا روونە کە سەرکێشیی خەباتی دیموکراسی لە کوردستان هەر پارتی بووە و هەر پارتییە، پارتی بۆیە سەریهەڵدا تا خەڵک بتوانێ لە رێگەی دیموکراتییەوە خەباتی خۆی بکات.. ٧٢ ساڵە رێگەی ململانێ دەکوتینەوە و ماندوو نابین و گرەومان کردووە وەک پارتی دەبێ هەر سەرکەوین.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لە ئامانجی پارتی کرد و گوتی، لە مێژوودا خەباتی پارتی بۆ مافی گەنجان و لاوان بووە و مافی کوردستان لە کوێ بێ ئەوا پارتی لەو شوێنەیە، "پارتی دەستی لە مافی ئێوە هەڵنەگرت، هەر ئەو باجە دەدەین تا دەگەینە ئەو مافەی کە پێشمەرگە خوێنی بۆ دا و خەباتی بۆ کورد."

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە گەنجان و لاوانی گوت، بە "شانازییەوە ئێوە شایەنی ئەوەن ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵگرن بۆ کوردستان و ئێوەی لاوانی وڵات ناهێڵن کە پارتەکەتان لە ململانێی دیموکراسی یەک هەنگاو دوابکەوێت. ئێوە ناهێڵن کە پارتەکان ریزی پێشەوە بەربدات، نابێ ئێوە رێگەبدەن یەکهەنگاو هیچ پارتێک پێش پارتی بکەوێ، دواکەتنی پارتی واتە دواکەوتنی خەبات و بزاوتی دیموکراسی."

نێچیرڤان بارزانی باسی لە ناحەزانی پارتی کرد و گوتی، ئەوان باش دەزانن درێژترین هەنگاو ئەو هەنگاوانەن کە پارتییەکان ده‌ینێن، گەورەترین دەستکەوتی وڵاتیش هەر بە خەباتی پارتی بەدی دێ، ناحەزان تەنیا ئەوەیان لە دەست دێ کە بەربەست بۆ پارتی دروست بکەن کە هەرگیز لەمەیشدا ناتوانن.''


راشیگەیاند کە، ''ناحەزانی پارتی دژی پارتی دەچنە هەر سەنگەرێکەوە، كه‌ ده‌شزانن هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پارتی بۆ به‌دیهێنانی مافه‌ رەواكانی کوردستانه‌، بەڵام مەحاڵە هیچ هێزێک بتوانێ شوێنی پارتی لەق بکات.. بە پاڵپشتیی ئێوە رەگی پارتی قووڵە، وەک رەگی کێوەکانی گارە و شاهۆ و سەفین، چاوەڕوانین ئەمجارەیش سندووقەکانی دەنگدان رازاوە بکەن، ئێمە زۆر دڵنیاین جەماوەری پارتی بە ئاسانی سارد نابیتەوە و ریگەی خۆی ون ناکات.''

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی، ململانێی ئەمجارە ململانێی پارتی و چەند حزبێک نییە، بەڵکوو ململانێیە لەنێوان رەش و سپی و بردنەوە و دۆڕاندا سه‌باره‌ت به‌ دۆزی کورد، ئەوان دەیانەوێ پارتی بدۆڕێ بۆ ئەوه‌ی دۆزی کورد بدۆڕێ، پارتی حزبی ترس و دوودڵی نییە، ئێمە لەوەتەی هەین وشەی ترسمان لە قامووسی خۆمان سڕیەوەتەوە، ئیمە بووین سەقامگیریمان داهێنا، ئاوەدانی، بە پاڵپشتیی ئێوەیش دەست بە ئاوەدانی دەکەینەوە.


نێچیرڤان بارزانی داوای لە گەنجان و لاوان کرد کە دەنگ بدەنە لیستی پارتی لیستی سەرۆک بارزانی، ئەو سەرۆکەی کە هەزاران میلی دەبڕی لە شەڕی دژ بە داعشدا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە پیر و بەساڵداچوو و ژن و پیاوه‌وه‌ هەموویان بە ئاسوودەیی لە کوردستان بژین.

نێچیرڤان بارزانی نموونەیەکی هێنایەوە کە پارتی وەک دارێکی پیر وایە و هەرگیز ناچەمێتەوە، هەروەها بەرنامه‌ی داهاتووی پارتی بە روونی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران شیی کردەوە کە ئامانجی پارتی بۆ دووشتە، یەکەمیان: بەدەستهێنانی مافی هەرێمە لە داهاتی گشتیی وڵات، لەگەڵ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، ئەم دوو کێشەیە لە پێش هەموو شتێکە.
گوتیشی کە پارتی دایکی خەباتی سیاسی و ئارامی و ئاوەدانییە لە کوردستان و، دڵنیایشی دایە گەنجان و لاوان کە ئاوەدانی جارێکی دیکە لە کوردستان دەستپێدەکەنەوە.
kdp-
Top