شارەزایەکی دەستوور: پارتی بۆیە پێداگرە لەسەر دەستوور تا تانکی ئەبرامز دژی هاووڵاتیان بەکار نەهێت
لە دوای پێشێلکردنی دەستوور و نەمانی شەراکەتی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای بنیاتنانی عێراق نیزیکەی ٥٥ ماددە و بڕگەی دەستووری عێراق پێشێل کراون. ئەیاد کاکەیی، شارەزای دەستوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ٢٠٠٣ گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری نوێی عێراق بوو، بەتایبەتی چەند خاڵێکی گرینگ و بەھێز لە نێو دەستووردا جێگیر کران و چەندین جار سەرۆک بارزانی پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور کردووە، بەتایبەتی لەسەر ئەو ماددانەی پێوەندییان بە خاک و ماددەی ١٤٠ و ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ھەیە، بەڵام بەداخەوە، بینیمان مەبدەئی شەراکەت نەما و لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە بڕیارەکان دران، لەبەر ئەوە، دیارە پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستاش پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی دەستووری عێراق بە شێوەیەکی گشتی ئەو ماددە و بڕگانەی پێوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، چونکە گەلی ئێمە قوربانی بۆ ئەو دەستکەوتانەی لە دەستووردا ھاتوون داوە و خوێنی شەھید و ئەنفالکراوەکانمان بەفیڕۆ نادەین و ئەمە لە کارنامەی لیستی ١٨٤ی پارتیدا ھاتووە."
پیادەکردنی دەستوور بە تەواوی ماددە و بڕگەکانییەوە، کە تاکە زامنی بەردەوامیی یەکگرتنی ئارەزومەندانەی خاک و گەل و سەروەریی عێراقە و پابەندبوون بە دەق و ناوەرۆکەکەیەوە لەسەر پرنسیپەکانی شەراکەت و ھاوسەنگی و تەوافوق داڕێژراوە. لەم بارەیەوە ئەیاد کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە ھەموو شتێکمان لەد ەستووردا ھەیە، لەبەر ئەوەش پارتی لە کارنامەی خۆیدا پێداگریی زۆر لەسەر پاراستن و جێبەجێکردنی دەستوور دەکاتەوە، مخابن ئەوە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقن، کە بەرپرسن لەو ڕەوشەی عێراق تێ کەوتووە، بەتایبەتی لە پێشێلکردنی ئەو ماددانەی دەستووردا کە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندان."
ئەو شارەزایەی دەستوور ڕوونی کردەوە: "یەکگرتووییی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە، چونکە ھەندێ بڕگە و ماددەی دەستوور ھەیە، لەوانە ئەنجومەنی ھەرێمی، کە ئەوە ھەر جێبەجێ نەکراوە و گرنگترین مافەکانی ئێمە لەو ئەنجومەنەدایە کە عێراق ئامادە نییە جێبەجێی بکات، مانەوەی ئێمە لە چوارچێوەی عێراقدا بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە، من بۆ چی عێراقی بم کە دەستووری عێراق پێڕەو نەکرێت، لە ژێر چەتری ئەو دەستوورە تانکی ئەبرامز بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی سڤیل بەکار هاتووە، تەنانەت لە ھەندێ ناوچەی کوردستانی جینۆساید دووبارە کراوەتەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی سوپا بەکار بێت بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی سڤیل."
kdp-
