سەرۆكی فراكسیۆنى پارتى: سیاسه‌ت به هاشوهوش و منداڵبازاڕى ناكرێت
سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى كوردستان لە لێدوانێكدا ئاماژە بە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر دەدات و رایگەیاند كۆمه‌ڵێك كاڵفام و ناكامڵ دوای ئەوەی كه‌ركووكیان فرۆشتووه، ئێستە خه‌ریكى هاشوهوش، جنێودان، ته‌شهیر و بوختانن. دەشڵێ ئەم گرووپە ئێستە كار بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنى هێزه‌كان ده‌كات.
ئەمڕۆ یەكشەممە ئومێد خۆشناو سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى راگه‌یاند "به‌هۆى هه‌ڵسوكه‌وتى گرووپێكى نابهرپرسیارهوه، نیوه‌ى خاكى كوردستان له‌ده‌ست درا و مه‌ترسی كه‌وته سه‌ر نیوه‌كه‌ى دیكه‌شی".
سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتی گوتی "سه‌قه‌ت بیركردنه‌وه‌ى ئه‌و ساقیتانه، تا ئێستەش به‌رده‌وامه، له هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا كار بۆ بهریهكهوتى هێزه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن".
ئاشکراشی کرد کە ئه‌و گرووپه‌ى ناو یه‌كێتى، ده‌یانه‌وێت له‌ناو ئاشوبدا وه‌كو ژماره ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام ئه‌وان پیاوى ده‌وڵه‌ت نین، به‌رپرسیارییه‌تى هه‌ڵناگرن، دەشڵێ "ئه‌و گرووپه به‌شێوازى زۆر هه‌رزه‌یی و بازاڕى ده‌یانه‌وێت سه‌رنجى خه‌ڵكى بەهۆی كه‌ركووكەوە راكێشن، له‌كاتێكدا ئه‌وان كه‌ركووكیان فرۆشتووه و پارهكەشیان وه‌رنه‌گرتووه".
ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی گوت "ئیراده‌ى هاووڵاتییان، پێشمه‌رگه‌كان و ئه‌وانه‌ى به‌رگرییان كرد، كوردستان به به‌هێزى ده‌هێڵنه‌وه، وێڕاى ئه‌و گه‌مارۆیه تونده‌ى له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان دروست كرا، کەچی هه‌رێمى كوردستان بووەوه ژماره له ناوچه‌كه‌دا".
bas news-
