زیرەک کەمال: سەربەخۆیی پێوەستە بە کەرامەت و شکۆی نەتەوەوە

 زیرەک کەمال: سەربەخۆیی پێوەستە بە کەرامەت و شکۆی نەتەوەوە
نووسەر و چاودێرێکی سیاسی پێی وایە، هەرچەندە نان و سەربەخۆیی دوو هێڵی هاوتەریب و تەواوکاری یەکترن، بەڵام سەربەخۆیی پەیوەستە بە شکۆ و کەرامەتی نەتەوەوە.

"مرۆڤ کائینێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە کۆمەڵێ تایبەتمەندیی ژیانی خۆی هەیە، تاوەکو فەراهەمی بکات، وەک سەرەتاش بۆ ئەوەی مرۆڤ بوونی خۆی بسەلمێنێت، پێویستی بە ئازادی هەیە، دەبێ ددانیش بە مافە نەتەوایەتییەکانیدا بنرێت و خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەییی خۆی بێت." ئەوە بۆچوونی زیرەک کەمال بوو.

بە گەڕانەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو و حکوومەتە پێشووەکانی عێراق، بارودۆخی ئابووریی هاووڵاتیان لە ئاستێکی زۆر باشدا بووە، بەڵام شۆڕشەکانی کورد لە پێناو ئازادی و مافە ڕەواکان، تا بە سەربەخۆیی دەگات، نەوەستاون. زیرەک کەمال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: "نان و ئازادی لێک جیا ناکرێنەوە، ئێمە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس، نانمان هەبوو و هەرزانیش بوو، بەڵام ئازادی نەبوو، بوونی نان چەندە گرنگە، ئەوەندەش ئازادی و سەربەخۆیی گرنگە، هەر بۆیەشە شۆڕش بەردەوام بووە".

هەمیشە ئەو هێزە سیاسیانەن کار بۆ سەربەخۆیی دەکەن کەوا حزبن، لە مێژووشدا بیناکردنی دەوڵەت لە وڵاتانی جیهان، حزب و هێزە سیاسییەکان بوون، کەمال هێماش بۆ ئەوە دەکات: "کاتێک دەوڵەت دروست دەکرێت، دەبێ تاک لە ژێر سایەیدا خاوەنی ئازادی و مافە کەسییەکانی خۆی بێت، هەروەها ئازادی ڕێکخراوەیی و سیاسیشی هەبێت، کە ئەوەش ڕێکخراوە مەدەنییەکانیان و کەسە هۆشیار و ڕۆشنبیرەکان و ئەو کادیرانەشن کە باوەڕیان بە مافی مرۆڤ هەیە، لە چوارچێوەی دەوڵەتدا کار بۆ دەستەبەرکردنی دەکەن."

بە بڕوای زیرەک کەمال، خەبات بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت پەیوەندیی بە کەرامەت و شکۆی نەتەوەوە هەیە، ناشکرێت لەسەر ئەم هەسارەیە تاکە نەتەوە کورد بێت، کە خاوەنی دەوڵەت نەبێت و گوتی: "دەبێ لێرەدا هەموومان یەک گوتاری سیاسیمان هەبێت و یەکڕیز بین، چونکە داوای سەربەخۆیی بۆ دەرەوەی خۆتە، نەک ناوخۆ، چونکە سەربەخۆیی لە خۆمانی وەرناگرین، بەڵکو لە نەتەوەی سەردەستەی وەردەگرین، کە عەرەب و تورک و فارسە".

ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەیش ڕوون دەکاتەوە، کەوا لە ناوخۆدا دەتوانی کار بۆ دابینکردنی دیموکراسی و نان و بژێوی بکەیت، چونکە پرسێکی ناوخۆییە، هاوکات هاوتەریبیشن لەگەڵ سەربەخۆیی، کە دەکرێت لە یەک کاتیشدا خەبات بۆ هەردووکی بکەیت.











KDP
Top