کاندیدێکی پارتی: لەپێناو پرسە نەتەوەییەكاندا ئامادەی قوربانیدانین
شێروان زیاد محەمەد ناسراو بە شێروان کاکە زیاد غەفووری، كاندیدی ژمارە 26ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: "لە بەغدا شەڕ لەپێناو بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا دەكەن".
باس لەوەش دەكات كە هاوكاریكردنی پێشمەرگە، دابینكردنی مافە دارایی و سەربازییەكانی، چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان لە ئەولەویەتی كارەكانیاندا دەبێت.
ئەو پاڵێوراوەی پارتی جەخت دەكاتەوە لیستی 184 لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا، ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێكە، "بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە نیشتمانییەكان، پێویستمان بە یەكدەنگی و یەكگروتاری لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا دەبێت".
شێروان زیاد گوتیشی: "پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە وەك ئەوەی ئێستا چەند لایەنێك بانگەشەی بۆ دەكەن، كارێكی ئەستەمە و دەبێت لەسەر ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە بەردەوام بین كەلە دوای ساڵی 2003ەوە دروست بووە".
باسنیوز
