سەرکردەیەکی پارتی: ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێ رێگەی سەربەخۆیی دەگرینەوەبەر

 سەرکردەیەکی پارتی: ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێ رێگەی سەربەخۆیی دەگرینەوەبەر
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر حکوومەتی عێراق بەردەوام بێ لە پێشێلکردنی دەستوور، ”تاکە رێگامان“ جێبەجێکردنی ئەنجامی ریفراندۆمە.

رۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، دەبێ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کار بۆ جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق بکەن.

رۆژ نوری شاوەیس بەپێویستی دەزانێ نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان هەوڵ بدەن حکوومەتی هاوبەشی راستەقینە دابمەزرێنن، کە لەسەر بنەمای رێککەوتنی پێکهاتەکان و دادپەروەری لە پشکی پێکهاتەکان، دابمەزرێ.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێی وایە هیچ رێککەوتنێک لە عێراق مسۆگەر نییە و لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی دەستوور و دروست نەکردنی حکوومەتی شەراکەت، ”تاکە رێگامان ئەوەیە کە گرتمانە بەر، بابەتی ڕیفراندۆمە کە سووربین لەسەر داخوازییەکانی میللەتەکەمان کە سەربەخۆیی کوردستانە."

رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، هاووڵاتییانی باشووری کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی ریفراندۆم و لەنێوان مانەوە لە عێراق و سەربەخۆیی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا.

بڕیارە رۆژی 12/5/2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سەرجەم شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، کە تێیدا نزیکەی حەوت هەزار کەس رکابەریی لەسەر 328 کورسیی پەرلەمان دەکەن.








باسنيوز
Top