هوشیاری زێباری: کورد بەڕێگەی ریفراندۆم بە جیهانی گوت کە چی دەوێ

هوشیاری زێباری: کورد بەڕێگەی ریفراندۆم بە جیهانی گوت کە چی دەوێ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، کورد گەلێکە دەبێ ڕێز لە ئیرادەکەی بگرێت و کاتێک ڕیفراندۆمی کرد مانای ئەوە نییە ڕۆژی دواتر دەوڵەت ڕادەگەیەنێت، ڕیفراندۆم شتێک بوو کە کورد بە جیهانی گوت، چی دەوێت.



هشیار زێباری لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ناوچەی زوممار ڕایگەیاند: "هەندیک لایەن وا تەسەور دەکەن ئێمە میوانین لەم وڵاتەدا، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئێمە خاوەنی ئەم وڵاتەین و کورد مافی شەراکەتی لەم وڵاتەدا هەیە و با هیچ کەس و لایەنێک منەتمان بەسەردا نەکات."



ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەیشی دا: "لای ئێمە دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییەوە و دەبێ لە هەموو ڕوویەکەوە جێبەجێ بکریت و بە کەیفی هیچ کەس نییە."



دەربارەی پشکداریی کورد لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا زێباری گوتی: "دەمانەویست بڕیارێکی گشتیی کورد هەبێت بۆ پشکداریکردنێکی هاوبەش، یان بایکۆتکردنی تەواوی هەڵبژاردنەکان، بەڵام لایەنەکانی دیکە نەهاتوون بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم بڕیارە."



زێباری گوتی: "لە لایەکی دیکەشەوە دەمانگوت با هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق پێکەوە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە لایەنەکانی دیکە نەهاتن و ئەوان دەیانەویست خۆیان تاقی بکەنەوە و سەنگی خۆیان بزانن، ئێمەش بڕوامان بە کێبرکێی سیاسی هەیە."



زێباری گوتیشی: "دەبێ ئەم جارە پارتی پێشەنگ بێت و بەهێزبوونی پارتیش واتا سەنگی کوردستان و ئامانجمان زیادکردنی دەنگی پارتییە و زیاتر نوێنەرەکان بنێرینە بەغدا و ئێمە لەو بڕوایەداین چۆن شەڕی مەحموودییە لەم ناوچەیە سەرکەوت، پارتیش لەم هەڵبژاردنەدا سەردەکەوێت."
kdp-
Top