هۆشیار زێباری: ئەو ڕۆژە هەر بەدی دێ کە تێیدا سەربەخۆیی رادەگەیەندرێت

 هۆشیار زێباری: ئەو ڕۆژە هەر بەدی دێ کە تێیدا سەربەخۆیی رادەگەیەندرێت
ھۆشیار زێباری، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/ 5/ 2018 ڕای گەیاند، کە ڕیفراندۆم سەرەتایەک بوو بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و دوور بێت یان نزیک، ئەوە ڕۆژەی تێیدا دەوڵەتی سەربەخۆ ڕادەگەیەندرێت، ھەر بەدی دێت، جەختیشی کردەوە، کە شەڕی پێشمەرگە لە سحێلا و مەحموودییە بەرامبەر میلیشیای حەشدی شەعبی، ھاوکێشەکەی گۆڕی.

ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، ڕای گەیاند، کە ڕیفراندۆم سەرەتایەک بوو بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، گوتیشی: "ڕیفراندۆم مانای ئەوە نییە دوای ڕۆژێک و دوو ڕۆژ دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنین، چونکە ئەوە کاری زۆرتری ئەوێت، بەڵام ئەوە سەرەتا بوو، بۆیە دوور یا نزیک ئەو ئامانجە ھەر دێتە دی".

ھەروەھا باسی لەوەش کرد، کە لایەنەکانی عێراق زۆر جار بەو شێوەیە تەماشای گەلی کورد دەکەن کە ئێمە میوان بین لەم وڵاتە، گوتیشی: "نەخێر ئێمە پشکمان ھەیە لەم وڵاتە و بەشەراکەت دروستمان کردووە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی عێراق ئێمە بەگەلی خۆی دەزانێت و یەکسانی ھەبێت و دەستوورێکی مولزەم ھەبێت بۆ ھەموولایەک، ەوکات ئێمەش کێشەمان نییە، چونکە ئەو دەستوورە بە ھەوڵ و ھیمەتی جەنابی سەرۆکی بارزانی دانرا".

وەک ئاماژەی پێکرد، دەبێت بەپێی دەستوور "ئێمەش بەشدار بین، نەک بەو شێوەیەی سەرۆک وەزیران خواستی لەسەر ھەر ماددەیەک ھەبێت جێبەجێ بکرێت و ئەوەشی نەوێت نەکرێت"، زێباری کە لەناوچەی زوممار لەبەردەم جەماوەرێکی زۆردا وتارەکەی دەدا، گوتیشی: "ئەوەی دۆخەکەی گۆڕی ئەم ناوچەیە بوو، شەڕی سحێلا و مەحموودییە بوو کە تێیدا پێشمەرگە قارەمانەکان توانییان بەر بە لەشکرکێشی میلیشیای حەشد بگرن و ھاوکێشەکە بگۆڕن و لەناوەوەی عێراق و لەدەرەوش ئەوە باش دەزانن".

جەختیشی کردەوە، کە نابێت خەم ساردی ھەبێت، گوتیشی: "ئێمە وەکو بڕیارمان داوە بەشداری بکەین، بەشداری دەکەین، ئەگەر حزبەکانیش بەھەموو ڕێکبکەون و بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکەن ئەوکات ئێمەش بایکۆت دەکەین، بەڵام کە بەشداریش دەکەین دەبێت بەھێزەوە بەشدار بین".










باسنيوز
Top