مەسعود حەیدەر: حزبەكان واز لە گەوجاندنی خەڵكی كوردستان بێنن

مەسعود حەیدەر: حزبەكان واز لە گەوجاندنی خەڵكی كوردستان بێنن



پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند کێشەکانی ھەرێمی كوردستان لە کوردستان چارەسەر دەکرێن نەک لە بەغدا، بۆیە پێویستە حزبەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا واز لە گەوجاندنی خەڵكی كوردستان و جنێودان بێنن.


مەسعود حەیدەر كە ئەندامی دەست لەکار کێشاوەی فراکسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وتاریكی بەناونیشانی (پێشێلکارییەکان لە دەستووری عێراق و ئەرکی حزبەكانى کوردستان) ئاماژەی بە نۆ خاڵ كردووە، كە كاندیدی كورد لە هەرێمی كوردستان دەتوانێ لە بەغدا كاریان لەسەر بكات.


پەرلەمانتارە كوردەكەی عێراق ئاماژەی بەوە داوە كە بەشێک لە حزبەکان خەریکی یەکتر شکاندنن و باسی بەرنامەکەی خۆشیان ناکەن، بۆیە وەکو پەرلەمانتارێکی عێراق گەشبین نیە بە خولی داھاتوو، ئەگەر بەم نەفەسەوە کورد بیەوێ لە بەغدا ئیش بكات.


هەروەها نووسیویەتی "حزبێک یان دوو دەتوانن بچن لەگەڵ لایەنە عەرەبیەکان رێک بکەون و پلە و پۆست و دەسکەوتی مادی بۆ حزبەکەیان بەدەست بێنن، وەلێ گورزی کوشندە لە پێگەی کورد دەدەن و ھیچ رۆڵیان نابێ لە بڕیاردان لە عێراق، بەڵکو رۆڵیان دەبێ لە خراپترکردنی بارودۆخی کورد".


داواش لە لایەنە كوردییەكان دەكات سەرەڕای ھەموو جیاوازی و کێشەکانی ھەرێم، دەبێ لە عێراق وەکو نەتەوە مامەڵە بکەن، ئەوەی سەرکردەكانی کورد لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دەستووری عێراق نووسیانەوە و بەرگریان لە کورد کرد وەکو نەتەوە و لە دەستوور چەسپاندیان، ھیچ کەسێک لەوە باشتری پێ نەدەکرا لەو بارودۆخەدا.


ئەوەشی نووسیوە كە پێشێلکارییەكانی لایەنی عێراق لە دەستووری كردووە بەرانبەر مافەكانی كورد، زیاتر لە 55 مادەن و نۆ تەوەر لەخۆ دەگرن، قسەكردنی كاندیدی كورد بۆ پەرلەمانی عێراق، بەدەر لەم نۆ تەوەرە، بۆ گەوجاندنی خەڵكە.


مەسعود حەیدەر نۆ تەوەرەكەی بەم شێوەیەی خوارەوە داڕشتووەتەوە:


١- پێشێلکاری پرەنسیپەکانی فیدراڵی و شەراکەی راستەقینە.
٢- پێشێلکاری پرەنسیپەکانی دیموکراسی و سەربەخۆیی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
٣- خۆدزینەوەی حکومەتی فیدراڵی لە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم.
٤- بڕینی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی.
٥- پابەند نەبوونی حکومەتی فیدراڵی بە مەبدەئی شەراکەت لە دارشتنی سیاسەتی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ گەلی کوردستان.
٦- پێشێلکردنی ماف و ئازادییە گشتییەکان.
٧- کامل نەبوونی سیستەمی یاسایی و تەشریعی لە عێراق.
٨- بەکارھێنانی ھێزە چەکدارەکان بە پێچەوانەی دەستوور بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
٩- فاشلبوونى پرۆسەی سیاسی لە دەوڵەتی عێراقی دوای ٢٠٠٣.


لە كۆتاییشدا بەپێویستی زانیوە كە حزبە سیاسییەكانی ھەرێمی کوردستان مشتومڕ لەسەر ئەم نۆ تەوەرە بکەن لە بانگەشەدا، بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستانی روون بکەنەوە چۆن و بە چی میکانیزمێک کاری بۆ دەکەن. جنێودان بەیەکتری کێشەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر ناکات. پێویستە خەڵکی کوردستانیش بە تێبینی بێت و داوای روونکردنەوە بکات لە لایەنەکان بۆ روونكردنەوەی چۆنیەتی چارەسەركردنی کێشەکانی کورد لە بەغدا، کێشەکانی ھەرێم لە کوردستان چارەسەر دەکرێن نەوەک لە بەغدا، کورد کێشەی جێبەجێ نەکردنی دەستووری ھەیە، ئەم کێشەیە لە خولی داھاتوو گەورەتر دەبێ.

bas news-
Top