خوشکەزایەکی رامین حوسێن پەناهی خۆی کوشت
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە خوشکەزایەکی رامین حوسێن پەناهی خۆی کوشت، ئەمەش دوای ئەوەی زانیاری پێگەیشت لەبارەی راگوێزرانی رامین بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانەكەی.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، نیشتمان حوسێن پەناهی تەمەن ۲٥ ساڵ و هاوسەری ئەحمەد ئەمین پەنا بەندکراوی سیاسیی کورد و خوشکەزای رامین حوسێن پەناهی، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
بە گوتەی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حسێن پەناهی، نیشتمان پاش ئەوەی کە لە هەواڵی راگواستنی رامین بۆ ژووری تاکەکەسی ئاگادار کرایەوە، خۆی کوشتووە.
ئەحمەد ئەمین پەنا رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەستبەسەر کرابوو.
ئەو زیندانییە سیاسییە لەوەتەی ساڵی رابردووەوە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بە دژی حکومەت لە جێژنی نەورۆزدا، حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
bas news-
