ھونەرمەندان: لە جەنگی چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانمداین.. خەڵكی كوردستان بە ویژدانەوە دەنگ بدەن
ھونەرمەندانی كوردستان، بەم شێوەیە ڕای خۆیان سەبارەت بە گرینگیی ھەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربڕی.
ھونەرمەند خەلیل یابە دەڵێ: "وەك ماف، ھەڵبژاردن و دیاریكردنی نوێنەران، یەكێكە لە سەرەكیترین مافەكانی ھەر تاكێك كە پێویستە گوزارشتی لێ بكات، لە ھەمان كاتدا ئاماژە و سیمای دیموكراسییە لە ھەر كۆمەڵگایەك، بۆ ئێمەی كوردیش گرینگیی زیاترە، بە تایبەتی لەو كاتە ناسكەدا پێویستە ھەر تاكێك ھەست بەو بەرپرسیارەتییە بكات و مافی خۆی بەفیڕۆ نەدا".
سەبارەت بە دەنگدانی ھاووڵاتیان بە لایەنەكان، یابە ڕوونی دەكاتەوە: "ھیوادارم خەڵكی كوردستان بە ویژدانەوە دەنگ بدەن بەو لایەنەی كە داكۆكی لە مافەكانیان بكات، ئەو لایەنەی كە دڵنیایە زامنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات".
ھونەرمەندی سینەماكار شاخەوان مستەفا، دەڵێ: "ھەڵبژاردن مافێكی دەستووری و یاساییی ھەر تاكێكە، سەرەڕای ئەوەی ئێمەی كورد پێش چەند مانگێك لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا بەشداریمان كرد بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆمان لە عێراقدا، پێشتر و ئێستاش ھەمان ھەڵوێستمان ھەیە و نەگۆڕاوە سەبارەت بە چارەنووسمان لە عێراقدا، بۆیە بۆ ئێمەی كورد ھەڵبژاردن جگە لەو مافە یاساییە، ھۆكارێكیشە بۆ زامنكردنی مافە ڕەواكانمان، ئەو مافانەی كە لە دەستووردا ھاتوون، بۆ ئەوەی نەتوانن بەو ڕێگایەوە مافەكانمان پێشێل بكەن. سەبارەت بەو لایەنانەی كە دەتوانن ئەو مافانە زامن بكەن، بێگومان بۆ ھەموو لایەك ڕوون و ئاشكرایە كە لیستی ١٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی، باشترین نوێنەر دەبن بۆ پاراستنی مافەكانمان، ھەروەك لە مەیدانەكانی شەڕ بینیمان چۆن بەرگرییان لە خاكی كوردستان كرد، شەڕی داعش و نەبەردییەكان لە بەرەكانی جەنگ و لووتشكاندنی میلیشیاكان لە پردێ و سحێلا، كە ھەوڵی داگیركردنی كوردستانیان دەدا، باشترین نموونەن، بۆیە پێویستە دەنگ بەو لایەنە بدەن كە بەر لە داستانی سحێلا و پردێ بە دەیان داستان و نەبەردیی دیكەیان تۆمار كردووە و بە خوێنی ھەزاران شەھید ئەم ئەزموونەیان پاراستووە و دڵنیاین لە داھاتووشدا ھەر پارتییە كە زامنی پاراستنی قەوارەی ھەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە شایانی ئەوەن كە دەنگی خۆمان بە لیستی ژمارە ١٨٤ی پارتی بدەین".
هونەرمەند عەلی كەریمیش گوتی: "دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، سەنگەرقایمكردنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلكارییەكانی ئێستای دەسەڵاتی عێراق، سیستمی ئێستای عێراق ئەوەندەی تایفەگەرییە، ئەوەندە سیستمێكی دیموكراسی نییە، بە پێی دەستوور كورد و عەرەب و ھەموو تایفەكانی دیكە بەشدارن لە حوكمڕانیدا، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەیە، ئەگەر كورد ھەستی بە شەراكەتی حەقیقی بكردبایە، بۆ پەنای دەبرد بۆ ڕیفراندۆم، ئەگەرچی مافێكی تایفە، گەلان و نەتەوەكانی دنیایە، ھەر لەبەر ئەمە پێویستە پابەندی دەرەنجامەكانی ڕیفراندۆم بین كە زۆرینەی خەڵكی باشوور دەنگیان بۆ داوە. لە ھەمان كاتیشدا لەسەر ئاستی عێراق لە تەواوی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئاستی پێویستدا بین، چونكە ئەنجومەنی نوێنەران دەرگایەكی تەشریعیی یاساییە، ھەر پێشێلكردنێك لە دەستووردا، متمانە و شەراكەتی حەقیقی لە دەست دەدات".
هاوكات هونەرمەند بەھائەددین ھەڵەبجەیی گوتی: "زۆر گرینگە بە شێوەیەكی بەرفراوان بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی عێراقدا بكەین، تا بتوانین زۆرترین نوێنەری كورد بنێرینە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی داكۆكی و بەرگریی زیاتر لە مافە دەستوورییەكانی كورد و ئامانجەكانی ڕیفراندۆم بكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ ڕەوشێكی خراپ تەنگی بە ھاووڵاتیانی كوردستان ھەڵچنیوە و ژیانی زەحمەت كردوون، من دەڵێم ئێستا وا باشە بە پێی داخوازیی ڕۆژگار ھەڵسوكەوت بكەین و بە ھیچ پاساوێك خۆمان لە پرۆسەكانی ھەڵبژاردنی گشتیی كوردستان نەدزینەوە".
جەمال ئەدیب، سەرۆكی تیپی مۆسیقای دھۆكیش ئاماژەی دا: "ئێمە بەرەو ھەڵبژاردنێك ھەنگاو دەنێین كە تێیدا مافە ڕەواكانی گەلەكەمان لە ڕێگای دەستوورەوە دەپارێزرێت، ئەمەیش دەبێتە ئەركی ئەو كەس و لایەنانەی كە متمانەی زۆرترین خەڵكی كوردستان بەدەست دەھێنن و لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییە گەورەیەدا دەبن، بە تایبەتی لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم كە زۆرینەی گەلی كوردستان دەنگیان بۆی دا. ئێستا كوردستان لە جەنگێكی دیكەدایە، ئەویش جەنگی چەسپاندنی مافە دەستوورییەكانمانە، باشترین ھۆكاریش بۆ بەدەستھێنانی ئەم مافانە و چارەكردنی گرفتەكانمان، یەكڕیزی و تەباییی نێوان ھەموو لایەنە كوردستانییەكان و كاركردنی ھاوبەشە لە پێناو كوردستان و دووركەوتنەوە لە بەرژەوەندیی تاكەكەسی، یان حزبی و ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەوی تر، لە ھەمان كاتدا پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەكانیش سەنگ و قورساییی خۆیان بزانن و ھەوڵ نەدەن ئارامی و سەقامگیریی كوردستان تێك بدەن، تەنیا لەبەر ئەوەی كە قەوارەكەی، یان ژمارەی دەنگدەر و لایەنگرانی لە لایەنێكی دیكە كەمترە، چونكە میللەتەكەمان چی تر بەرگەی ئەو بارودۆخە ناگرێت".
دەشڵێ: "من لێرەوە داوا لە خەڵك دەكەم، ویژدانیان بكەنە حەكەم و دەنگ بەو كەس و لایەنانە بدەن كە چەندین ساڵە لە پێناو سەرخستنی گەلی كورد و گەیشتن بە ئاواتەكانی، ھەوڵ و خەباتی بێوچانیان كردووە و لە مەیدانی خەباتی چەكداری و قوربانیداندا، بە سەدان شەھیدیان پێشكەش بەو خاكە پیرۆزە كردووە و بە دەیان داستان و نەبەردییان لە مێژووی گەلەكەماندا تۆمار كردووە، ھەروەھا دڵنیان دەتوانن گوزارشت لە مافەكانیان بكەن و پارێزەرێكی ڕاستەقینەی مافەكانی گەلی كورد بن".
ھونەرمەند غازی شینەش هێمای بۆ ئەوە كرد: "وەك ھونەرمەندێك، وای دەبینم كە ھونەرمەندان لە ناو كۆمەڵگادا پێویستە پشكی شێریان بەر بكەوێت لە ھەر كار و خزمەتێك كە ببێتە ھۆی بەجێگەیاندنی ئەركی نیشتمانی و لە پێناو خاكی كوردستان و، ئەزموونی چەند ساڵەی ڕابردووش ئەوەی سەلماند كە ھونەرمەندان لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییەدا بوون، بۆیە منیش وای بە باش دەبینم كە پێویستە خەڵكی كوردستان دەنگ بدەن بۆ ئەوەی دەنگی كورد لەو ھەڵبژاردنەدا سەر بكەوێت، ھەرچەندە میللەتی كورد بە ھەزاران شەھیدی بەخشیوە بۆ بەدیھێنانی خەونی ڕاستەقینەی سەدان ساڵەمان كە ئەویش سەربەخۆییی كوردستانە، بەڵام دوژمنان و ئەوانەی ئەو مافەمان پێ ڕەوا نابینن، كۆسپ و بەربەستی زۆرمان بۆ دروست دەكەن بۆ نەگەیشتن بەو خەونە. لە بەرانبەردا نابێ ئێمەش دەستەوەستان ڕاوەستین، پێویستە ھەمیشە ھەوڵ بدەین و سڵ نەكەینەوە لە خەبات و تێكۆشان، ئەوە ئاواتی ئێمە بووە، بەڵام ئێستا لەمپەری بۆ دروست بووە و وەك دراوسێ ماوینەتەوە".
ئەو، ڕوونیشی دەكاتەوە: "ئێستا كە بەرەو ھەڵبژاردن دەڕۆین، پێویستە ھەوڵ بدەین مافە دەستوورییەكانمان بە دەست بھێنن و بەشداری بكەین لە ھەڵبژاردندا و دەنگ بەو ھێز و لایەنە بدەین كە زۆرترین خەباتی كردووە لە پێناو كوردستاندا و زۆرترین قوربانیی لەو ڕێگایەدا بەخشیوە، چونكە دڵنیا بن ھەر ئەو ھێزەیە كە زامنی پاراستنی مافەكانی گەلی كورد بووە بە درێژاییی مێژوو و لە ئێستا و داھاتوویشدا بە ھەمان شێوە دەبێت، كە ئەویش لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستانە".
kdp-
