شارەزایەکی ئەمنی: هەرێم لە ناوچەکەدا سەقامگیرترین پێگەی هەیە

 	 شارەزایەکی ئەمنی: هەرێم لە ناوچەکەدا سەقامگیرترین پێگەی هەیە
یەکێک لەو شانازیانەی لە ڕابردوودا پێگەی ھەرێمی کوردستانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرز کردەوە، ڕەوشی ئارامی ھەرێمی کوردستان بوو، شارەزایەکی ئەمنیش دەڵێ، بە ھۆی ڕووداوەکانی ناوچەکەوە ڕەوشی ئەمنی ھەموو وڵاتانی ناوچەکە ئاڵۆز بووە تەنیا ھەرێمی کوردستان ئارامیی خۆی لەدەست نەداوە.

ڕەمەزان کێڤلی، شارەزای ئەمنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێک لە بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی، پاراستنی ئاسایشی تاک و ئاسایشی ئابووری و پاراستنی ھەموو کۆمەڵگەیە، ئەوەی جێگەی شانازییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر ئارامە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەزگە ئەمنییەکانی کوردستان، ھێزە ئەمنییەکان بەگشتی و ناوخۆ و بەرگری و ئاسایش و پێشمەرگە ئەو شانازییەیان بەردەکەوێ، کە بوونەتە فاکتەری پاراستنی ئاسایشی کوردستان، کە بەو ھۆیەوە ھەزاران ھاووڵاتی بیانی بتوانن بە ئازادی و ئارامی لە ھەرێمی کوردستاندا نیشتەجێ ببن و سەدان کۆمپانیای بیانی کاری خۆیان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا بە ھۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە ڕەوشی ئەمنی لە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەرمان تێک چووە و ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە ھەست بە ئارامی ناکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە، لە ھەرێمی کوردستان ئاسایشی ھاووڵاتیان پارێزراوە و کەس نییە ھەست بە مەترسی بکات."

پارتی دیموکراتی کوردستان لە خاڵی ھەشتەمی کارنامەی خۆیدا بۆ لیستی ١٨٤ پێداگری لەسەر پاراستنی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە ساڵانێکە بە ھیممەتی ھێزەکانی ئاسایش و دەزگە ئەمنییەکان ھاتووەتە کایەوە. دکتۆر مەحەمەد مستەفا، کاندیدی ژمارە ٢١ی لیستی ١٨٤ی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق ئەوەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتڕاست کردەوە: "پارتی چۆن لە ڕابردوودا بەرگری لە مافەکانی ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ کردووە، لە داھاتووشدا بەرگریی پەرلەمانتارانی پارتی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی گشت مافەکانیان لە بەغدا، ھەروەھا لە پاراستنی خاکی کوردستان و ئاسایشی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان پشکی شێری ئەو شانازییە بەر پارتی دەکەوێت."

ئەو شارەزایەی بواری ئەمنی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "گرنگە ھەموو لایەنەکانی کوردستان بەر لەوەی بچنە بەغدا لە دوای پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەسەر ستراتیژییەتێکی نەتەوەیی بگەنە ڕێککەوتن، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان، لایەنە سیاسییەکان ھاوکار بن بۆ دروستکردنی سەقامگیریی سیاسی، چونکە لە پاڵ باشبوونی ڕەوشی ئەمنیدا پێویستە لە ڕووی سیاسیشەوە ھاووڵاتیان ھەست بە ئاسوودەیی بکەن، لەبەر ئەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام ئەگەر لایەنەکان یەکھەڵوێست بن ئەوە بێگومان کاریگەرییان دەبێت لەوەی ڕووداوەکان کەمتر زیان بە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بگەیەنن."

ڕەمەزان کێڤلی گوتی: "پێویستە لەسەر ھەموو نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی داھاتووی عێراق، کار بۆ ئەوە بکەن مووچە و پێداویستی بۆ ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت لە لایەن عێراقەوە، چونکە بە پێی دەستوور و یاسا مافی ئەو ھێزانەیە سوودمەند بن لە شایستە داراییەکان و گرنگییان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی باشتر ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان."
kdp-
Top