پێشمەرگەی یەکێتی سکاڵای یاسایی لەدژی عەلی حەمەساڵح تۆمار دەکەن

 پێشمەرگەی یەکێتی سکاڵای یاسایی لەدژی عەلی حەمەساڵح تۆمار دەکەن
بە تۆمەتی بێڕێزی و سووکایەتیکردن بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەرماندەیەکی ھێزەکانی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاشکرای کرد کە سکاڵای یاسایی لە دژی پەرلەمانتارێکی گۆڕان تۆمار دەکەن.

لیوا ڕوکن مەریوان عەلی، فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوای دوو ڕایگەیاند: "بەردەوام ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ پاراستنی خاکی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە، بەڵام بەداخەوە عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، چەند جارێکە بە شێوازی جۆراوجۆر تۆمەتی ناڕەوا ئاراستەی ھێزی پێشمەرگە کردووە و تەنانەت کاتێک ھێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بە گوللەی چەکدارەکانی داعش خوێنی دەڕژا، ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان خەریکی سووکایەتی و تۆمەت‌بەخشینەوە بووە بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان".

ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگە گوتشی: "عەلی حەمەساڵح، چاوی بە پێشمەرگە ھەڵنایەت، چونکە باش دەزانێ ھێزی پێشمەرگە بەدڵی خۆی دەنگ دەدات و دەنگ بە بزووتنەوەی گۆڕان نادەن، بۆیە بەھۆی نەفامی و شکستەکانی خۆیەوە بەو شێوەیە تۆمەت بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان درووست دەکات".

لیوا مەریوان عەلی ڕوونیشی کردەوە: "کۆبوونەوەمان بۆ ئەمنیەتی ناوچاکانی خۆمان کردووە، چونکە ئێمە لە سنوورەکانی حکوومەتی عێراقی و حەشدی شەعبییەوە نزیکین، بێگومان بەرەو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەڕۆین، پێویستە ئەو شوێنانە بپارێزین، دواجار لەو کۆبوونەوەیەدا ھەر کاندیدێکی حزبێکی سیاسی بەشداریی بکات بەلامانەوە ئاساییە، چونکە ھێزی پێشمەرگە خزم و کەسوکاری خۆی لەناو کاندیدەکانی پارت و لایەنە سیاسییەکاندا ھەیە، بەڵام بەداخەوە عەلی حەمەساڵح، ئەو کۆبوونەوەی قۆستوووەتەوە بۆ ئەوەی سووکایەتی بە پێشمەرگە بکات".

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەبوایە، دەستی ڕەشی داعش دەگەیشتە عەلی حەمەساڵح و ھەموو ئەو کەسانەی لەناو گۆڕاندا سووکایەتی بە ھێزی پێشمەرگە دەکەن، ھەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر بەڵێنێکی زۆری بە ھێزی پێشمەرگە داوە، بەڵام ھیچ بەڵنێکیان جێبەجێ نەکردووە، بۆیە ئەوا لە ھێزی پێشمەرگە دڵنیان و دەزانن دەنگ ناھێنن، بۆیە تۆمەتی ناڕەوا بۆ پێشمەرگە دروست دەکەن".

ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەوەشی ئاشکرا کرد: "سبەی لەگەڵ سەرووی خۆمانەوە گفتوگۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی لەسەر سووکایەتی و تۆمەتەکانی عەلی حەمەساڵح، سکاڵای یاسایی لەدژی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان تۆمار بکەین".










باسنیوز
Top