لە چەمچەماڵ تەقە لە ماڵی کەسوکاری فەرماندەیەکی پێشمەرگەی سەر بە پارتی دەکرێ

 لە چەمچەماڵ تەقە لە ماڵی کەسوکاری فەرماندەیەکی پێشمەرگەی سەر بە پارتی دەکرێ
لە شاری چەمچەماڵ و لە چەند کاتێکی جیاوازی یەک شەودا، چەند جارێک تەقە لە ماڵی کەسوکاری فەرماندەیەکی یەکەی ٨٠ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و فەرماندەکەش گومان دەکات، بەهۆی ئەوەی لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دایە، تەقەی لێ کرابێت.

کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٨، بە چەکی (ئارپیجی و کلاشینکۆف) لە شاری چەمچەماڵ، تەقە لە ماڵی کەسێک بە ناوی مەلا جیهاد و کوڕێکی کراوە کە پێکەوە لە یەک ماڵدا بوون. کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی هەمان ڕۆژیش، تەقە لە ماڵی برایەکی دیکەی مەلا جیهاد کراوە کە لە کۆڵانی پشتەوەی ئەوانن.

تەقەکان جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە، بەڵام سەرجەم ئەو ماڵانەی تەقەیان لێکراوە، ماڵی کەسی هەرە نزیکی نەقیب محەمەد مەلا جیهادن کە فەرماندەیەکی پێشمەرگە و ئەفسەرێکی دیاری سنووری کەرکووک چەمچەماڵە.

لەمبارەیەوە نەقیب محەمەد مەلا جیهاد، فەرماندە لە یەکەی ٨٠ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕايگەیاند، چەند کەسێکی نەناسراو بەچەکی جۆری (ئاڕبیجی) تەقەیان لەماڵی باوکی کردووە و دواتر بەچەکی کڵاشینکۆف و (M4) تەقەیان لەماڵی برایەکی کردووە. کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ، تەقە لەماڵی برایەکی دیکەی کراوە. دەشڵێت: ”بەبێ ئەوەی ھیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یاخود ھەر کێشەیەکی دیکەمان ھەبێت“.

ئەو فەرماندەیەی یەکەی ٨٠ی پێشمەرگە ئاشکراى کرد: ”گومانی ئەوە دەکەم ھۆکاری تەقەکردنەکان بۆ خودی خۆم بگەڕێتەوە، چونکە فەرماندەیەکی سەربازیی پارتی دیموکراتی کوردستانم، ھەرچەندە کێشەم لەگەڵ ھیچ کەسێکدا نییە، بەڵام ڕەنگە تەنھا بۆ تەحەداکردنی خۆم ئەو تەقانە کرابێت، بێگومان من ھیچ تاوانێکم نەکردووە، بەڵام بەردەوام پشتگیریی ئاڵای کوردستان و نیشتمانەکەم کردووە“.

محەمەد مەلا جیهاد، نەیشاردەوە کە دەزگا ئەمنییەکانی چەمچەماڵ بەپێی پێویست بە ئەرکی خۆیان هەڵناستن و ناتوانن ئاسایشی شارەکە بپارێزن، چونکە: ”چەکی قورس ھەمیشە لەلایەن دەزگا ئەمنی و بەرپرسە باڵاکانەوە بەکاردەھێندرێت، نەوەکو بەدەستی خەڵکی ئاساییەوە بێت، بەڵام ئێستا ھەرئەوە ماوە چەکی میلانۆمان لەدژ بەکاربھێنن“.

بە دووریشی نەزانی کە بە هاوکاریی بەرپرسێک، تەقە لە ماڵی کەسوکارەکەی کرابێت و گوتی: ”ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، تائێستا دەزگا ئەمنییەکان تەقەکەرەکانیان دەستگیر نەکردووە و دەڵێن، زانیاریمان لانییە، بەڵام خودی خۆم سەرەداوی گرنگم لەسەر حاڵەتی تەقەکردنەکە دەستکەوتووە“.








باسنيوز
Top