لەسەر بڕیارێك روونكردنەوە بە شۆفێران دەدرێت

 لەسەر بڕیارێك روونكردنەوە بە شۆفێران دەدرێت
سەبارەت ھەڵە تێگەیشتن لە بڕیارێکی تازەکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، بەرپرسێکی ھاتوچۆ روونکردنەوە دەدات و ئاشکرای دەکات، مانگێک پێش کۆتایی وادە، دەتواندرێت مۆڵەت تازە بکرێتەوە.

زاھیر محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کۆیە رايگەیاند، مۆڵەتی شۆفێری مانگێک پێش وادەی بەسەرچوون تازە دەکرێتەوە.

روونیشی کردەوە، پێش دوو ساڵ بەڕێوەبەری مۆڵەت بووە و پێشنیارێکی کردووە بۆ چۆنیەتیی راییکردنی مامەڵەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، گوتیشی: “پێشنیارەکەم بۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆ بوو بۆ ئاسانکاریی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، ئەویش ئەوەبوو کە دووبارە بە شۆفێرەکە کۆپیی ناسنامە و رەگەزنامە نەکا، تەنیا کارتی زانیاری و مۆڵەتەکەی کۆپی بکات، بۆیە رەزامەندیی درا”.

جەختی کردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێم ئەوەشیان لە رێنماییەکە زیاد کردووە: «ئەو کەسانەی مۆڵەتی شۆفێری نوێ دەکەنەوە، ئەگەر رۆژی بەسەرچوونی مۆڵەتەکە بکەوێتە رۆژانی پشووی فەرمی یان رۆژانی پێنج شەممە و ھەینی و شەممە، ئەوە لە پێژماردنی غەرامەی بەسەرچوون دەبوردرێن”.

بەپێی رێنماییەکان، رسووماتی تازەکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری ٤٠ ھەزار دینارە، ئەگەر بەسەریش بچێت ١٥ ھەزار دینار غەرامەیە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆ پیش بەسەرچوونی مۆڵەتی شۆفێری مۆڵەت نوێ ناکرێتەوە، بۆ ئەوەی دواتر شۆفێر ناچار بکرێت غەرامە بدات، ئەو بەرپرسەی ھاتوچۆ گوتی: “بەپێی رێنمایی، ھەر ھاووڵاتییەک مانگێک پێش بەسەرچوونی مۆڵەتی شۆفێریەکەی دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆ بکات و مۆڵەتی خۆی نوێ بکاتەوە، ئەوەش ئێستا کاری پێ دەکرێت و کەس ناچار ناکرێت دوای بەسەرچوون بۆی تازە بکرێتەوە”.

زاھیر محەمەد دووپاتی کردەوە، مۆڵەتی شۆفێری ھاوشێوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل بۆ پێنج ساڵە و شۆفێر پێش تەواوبوونی وادەکەی بەبێ کێشە دەتوانێت مامەڵەی نوێکردنەوە بکات، ئەوەش لە سەرجەم ھەرێمی کوردستان کاری پێ دەکرێت.

لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەس مۆڵەتی شۆفێرییان لە لایەن ھاتوچۆی ھەرێم پێ دراوە.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر ئەوەی راگەیاند لە ماوەی سەعاتێکدا مۆڵەتی شۆفێری تازە دەکرێتەوە، گوتی: “ھەر شۆفێرێک پێش تەواوبوونی وادەی بەسەرچوونی مۆڵەتەکەی، دەتوانێت پشکنینی چاو ئەنجام بدات و پاشان لە بەشی مۆڵەت مامەڵەکەی بۆ تەواو دەکرێت و لە سەعاتێکدا مۆڵەتی تازەکراوەی پێ دەدرێتەوە.








باسنيوز
Top