گۆڕان: پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە زەبری چەکیش بە یەکێتی نادەینەوە
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکیدا ڕای گەیاند: ”یەکێتی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا تەزویرێکی زۆری کردووە و بەھۆی تەزویرەوە ھاوسەنگی بۆ یەکێتی ڕاست کراوەتەوە، چونکە ھەڤاڵ ئەبووبەکر، نزیکەی ٢٥٠ ھەزار دەنگی ھێناوە، بەڵام کاندیدەی یەکێتی دەنگێکی زۆر کەمی ھێناوە و ئەگەر لەبەرامبەر دەنگەکانمان بوایە، پێویستی بەوە نەدەکرد ئێمە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتیدا بکەین، چونکە بەپێی یاسا ئەو پۆستە دەبێت بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت“.
بە بڕوای خەلیل سەرکانی، گۆڕان لەپێناو بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان، ڕازی بووە بەوەی کە دوو ساڵی یەکەمی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، بۆ یەکێتی بێت. دەشڵێت: ”ئێمە پێشتر پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بووین، بەڵام ئێستا پابەندی ئەو ڕێککەوتنە نابین، چونکە ھەڤاڵ ئەبووبەکر، چەند مانگێکە ئەو پۆستەی وەرگرتووە و پێویستە ھاوشێوەی پارێزگارەکەی یەکێتی دوو ساڵی دووەمی خۆی تەواو بکات“.
جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو پۆستە نادەنەوە بە یەکێتی، ”با ھەر بۆ خۆیان داوای بکەن، خۆ بە کەڵەگایی ناکرێت! دواجار ئێمە ناچینە ژێر ڕکێفی بڕیارێکی یەکێتی بۆ ئەوەی ناچارمان بکات ئەو پۆستەیان بدەینەوە“.
سەرکردەکەی گۆڕان نەیشاردەوە کە بە زەبری چەکیش ئەو پۆستە بە یەکێتی نادەنەوە و گوتی: ”ئەگەر یەکێتی چەکی ھەیە، خۆ ئێمە بە ھێز و فشاری ئەوان ناچینە ژێر باریان، ھەروەھا ئامادەش نین ئەو پۆستە ڕادەستی یەکێتی بکەینەوە“.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئایندە بۆ ئێمەیە نەوەکوو بۆ یەکێتی، چونکە بەرھەم ساڵح، زەڕبەیەکی گەورەی لە یەکێتی داوە، بێ گومان یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ٧ کورسی ناھێنێت، ئیتر چۆن داوای پۆستی پارێزگای سلێمانی دەکاتەوە.
باسنيوز
