ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان: پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانی کرێکارانین

 ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان: پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانی کرێکارانین
ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی 1ی ئایار ڕۆژی جیھانیی کرێکاران، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە و جەخت دەکاتەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ئەم توێژەی کۆمەڵگاکەمان.



لە بەشێک لە پەیامەکەی ئەنجومەنی وەزیزرانی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە: "حکوومەت ھانی کەرتی تایبەتیش دەدات کە بە پشتیوانی و ھاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی کەش و ژینگەی کار لە ئاستێکی شیاوی سەردەمیانەدا".



وێنەیەک لەو پەیامە بۆ ئاژانسی (باسنیوز) نێردراوە. دەقی پەیامەکە:



بە بۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیھانیی کرێکارانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیھان دەکەین. ئەم ڕۆژە لە مێژووی کرێکاراندا ڕۆژێکی پرشنگدار و پڕ بەھایە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان. کرێکاران توێژێکی زیندووی خاوەن ڕەنج و بەرھەمھێنی کۆمەڵگاکانیانن، لە کوردستانیش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا ھەیە.



حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ئەم توێژەی کۆمەڵگاکەمان دەڕوانێت و پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازیەکانیانە، ھەوڵی جددی دەدات بۆ باشترکردنی گوزەران و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و مافەکانیان، ھانی کەرتی تایبەتیش دەدات کە بە پشتیوانی و ھاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی کەش و ژینگەی کار لە ئاستێکی شیاوی سەردەمیانەدا.



وێڕای دەستخۆشیمان لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن و پشتیوانییان لە ماف و داخوازیەکانی ئەم توێژە گرنگەی کۆمەڵگا، ھیوادارین کاری زیاتر لە خزمەتی خواستەکانیاندا بکەن و بە شێوەیەکی مەدەنی و یاسایی لە ھەوڵ و کۆششیان بەردەوام بن، ھەرچیش بکەوێتە ئەستۆی حکوومەت، درێخی ناکات.

بەرز و پیرۆز بێت یەکی ئایار، ڕۆژی جیھانیی کرێکاران.



ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان

١/٥/٢٠١٨
Top