كاتی وەرگرتنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت

كاتی وەرگرتنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت


بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، بەڵێنیان پێدراوە پارەی ئەمساڵی گەنمی جووتیاران هاوشێوەی ناوچەكان دیكەی عێراق لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت.



نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، راگەیاند: "دوای دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی و دهۆك، بۆ ساڵی 2017 ئێستا دەست بە دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر كراوە كە بڕەكەی 11 مایار و 661 ملیۆن دینارە".



گوتیشی: بڕیاردراوە دوای دابەشكردنی پارەی ساڵی 2017 جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر، دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2016 دەست پێدەكات كە بڕەكەی 30 ملیار دینارە".



نەوزاد ئەدهەم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تاكوو ئێستا ئەنجومەنی وەزارانی هەرێم و سكرتاریەتی جووتیاران رەزامەندییان لەسەر وەرگرتنی پارەی ساڵانی پێشووتر نیشان نەداوە كە بەغدا بڕیاری دابوو لەبری 620 ملیار دینار 278 ملیار بنێرێت".



بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان باس لەوەش دەكات لەسەر پرسی دووبارەبوونەوەی دواكەتنی پارەی گەنمی جووتیاران وتووێژیان كردووە و بەغدا بەڵێنیی داوە بۆ ساڵی 2018 دوای وەرگرتنەی گەنم راستەوخۆ پارەكە خەرج بكات".

bas news-
Top