دادگای باڵای عێراق بڕیاری لەبارەی زیندوومانەوەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەرکرد
دکتۆر خەلیل میرانی، پسپۆڕی یاسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەر لە چەند ڕۆژێک دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەربڕی و بە گوێرەی بڕیاری دادگا، ماددەی ١٤٠ یەکێکە لە ماددە گرینگەکانی نێو دەستووری عێراق و بە ھیچ شێوەیەک نامرێت، بەڵکو پێویستە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو کەس و ھێزە عێراقییانەی کە پێشتر پڕۆپاگەندەی ئەوەیان دەکرد، ماددەی ١٤٠ی دەستوور ماوەکەی بەسەرچووە، بەڵام کورد دەست لەو ماددەیە بەرنادات، چونکە دەسەڵاتدارانی عێراق ھەرکاتێک جێبەجێکردنی ماددەیەکی دەستوور گەیشتە ئەوەی لە بەرژەوەندیی کورددا بێت جێبەجێی ناکەن."
ئەو پسپۆرڕەی یاسا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە لە ڕابردوودا کورد زیاتر خەریکی بیناکردنی عێراقی نوێ بوو تا ھەموو گەلانی عێراق پێکەوە لە سایەی دەوڵەتی عێراقدا بحەسێنەوە و عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیانەوە دوای ھەشتا ساڵ حوکمی دیکتاتۆری ببێتە وڵاتی فیدڕاڵی و دیموکراتی، بەڵام دیارە ئەوانەی دێنە سەر دەسەڵاتی عێراق هەر بە ئەقڵی پێشوو حوکم دەکەن."
دکتۆر خەلیل میرانی گوتی: "ڕاستە دەبوو تا ساڵی ٢٠٠٧ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، بەڵام کە جێبەجێ نەکرا بەغدا خۆی لێی بەرپرسە و کورد دەست لەو ناوچانە بەرنادات کە کوردستانین و دەکەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠، تا ساڵی ڕابردوو زۆربەی ئەو ناوچانە کەوتبوونە ژێر کۆنتڕۆڵی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە بەھۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەدەستمان دان و پێویستە میللەت سزای خیانەتکاران بدات، کە بوونە ھۆی ئەو خیانەتە گەورەیە و لەدەستدانی بەشێکی خاکی کوردستان."
kdp-
