مەسعود حەیدەر: تاوانە بە پێشمەرگە بگوترێت ئەنفالچی
پاش ئەوەی مەحموود ڕەزا، پەرلەمانتاری گۆڕان و ئامۆزای نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کەناڵی فەرمیی حزبەکەوە پێشمەرگەی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەو گوندانەی لە دەست داعش دەربازیان کردوون، هاوشێوەی کارەکانی دوای ساڵی ١٩٨٨ی رژێمی بەعس، ڕەفتاریان لەگەڵ خەڵک کردووە. چاودێران و کەسانێکی زۆر ئەم قسەیان بە تۆمەتبارکردنی پێشمەرگە بە ئەنفالکردن لە قەڵەم دا.
لە بەرامبەردا ئەمڕۆ دووشەممە 30/4/2018، مەسعود حەیدەر، ئەندامی دەست لەکار کێشاوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند، کورد یەک سەمام ئەمانی لە عێراقدا هەیە کە ئەویش هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و دەبێ تۆکمەتر بکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە ”تاوانە بە پێشمەرگە بگوترێت ئەنفالچی“.
هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکان بەرامبەر قسەکانی ئامۆزاکەی نەوشیروان مستەفا، ئەمڕۆ دووشەممە، د. چیا عەباس، هاوڕێی دێرینی نەوشیروان مستەفا لە وتارێکیدا، ئەو کەسانەی لەنێو گۆڕاندا بە ”فەریکە عێراقچی“ وەسف کرد کە کار لە بەرژەوەندیی یەکپارچەیی عێراق و دژی هەرێمی کوردستان دەکەن.
باسنيوز
